وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق رایگەیاند، "لە رێگەى راهێنانى پیشەیی و پڕۆژەى بچوکەوە، بێکارى کەمدەکەینەوە و هەلیکار زیاد دەکەین".
ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق رایگەیاند، "بەهێزکردنی هێزی کار، باشترکردنی کەرتی تایبەت و جوڵاندنی چەرخی ئابووریی عێراق لە رێگەى راهێنانى پیشەیی و پڕۆژەى بچوکەوە دەبێت".
راشیگەیاند، "یەکێک لە ئەولەویەتەکانی کارکردنمان وەک حکومەتێکی خزمەتگوزاری نیشتمانی، گرنگیدانە بە پڕۆژە بچووکەکان و گرنگیدانیان بەو گەنجانەی بەدوای کاردا دەگەڕێن لە کۆمەڵگادا کە راهێنانیان پێبکرێت بۆ دەستپێکردنى کارێکى نوێ و پڕۆژەى بچوک بنیادبنێن".
وەزیری کارى عێراق ئەوەشى خستەڕوو، "راهێنانى گەنجان بۆ دەستپێکردنى پڕۆژەی پێشکەوتوو لەڕووی ئابوورییەوە وڵات بەرەوپێشدەبات و رێژەی بێکاری کەمدەکاتەوە"
هاوکات، ستایشی هاوکاریی رێکخراوی کارى نێودەوڵەتی کرووە بۆ دەستپێکردنى راهێنانى گەنجان و کارمەندانى وەزارەتەکەیان.
ئەمە لەکاتێکدایە بەگوێرەى دوایین ئامارى وەزارەتى پلاندانانى عێراق، رێژەى بێکارى لەسەدا 16.5% تۆمار کراوە.