كۆنفرانسی "جینۆسایدی گەلی کوردستان و ڕەنگدانەوەی لە ئەدەب و هونەر و میدیادا" بەڕێوەدەچێت

بۆ ساڵی دووەم، کۆنفرانسی نێودەوڵەتی زانستیی "جینۆسایدی گەلی کوردستان  ورەنگدانەوەی لە ئەدەب، هونەر و میدیادا" رێکدەخرێت.

لیژنەی باڵای ئامادەكاری كۆنفرانسی نێودەوڵەتیی زانستیی "جینۆسایدی گەلی کوردستان و ڕەنگدانەوەی لە ئەدەب و هونەر و میدیادا" رایگەیاندووە، کۆنفرانسەکە بە چاودێری حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت.

بۆ ئەو مەبەستەش، وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان بانگەشەی توێژەران و ئەکادیمیانی کورد و بیانی دەکات، بە توێژینەوە زانستییەکانیان بەشداری بکەن.

تەوەرەکانی کۆنفرانسەکەش پێکهاتوون لە (جینۆسایدی گەلی کوردستان و رەنگدانەوەی لە ئەدەبدا (چیرۆک، رۆمان، شیعر، ئەدەبی زارەكی، وەرگێڕان،.. )، جینۆسایدی گەلی کوردستان و رەنگدانەوەی  لە هونەردا (فیلم،  شانۆ، دراما، میوزیک، شێوەكاری، ..)،  رۆڵی میدیا لە بڵاوکردنەوەی بەرهەمە ئەدەبی و هونەرییەکانی تایبەت بە جینۆسایدی گەلی کوردستان و ناساندنی پرسەكانی).

بەشداریکردنیش بەپێی بڕیاری وەزارەتەکە، وادە و چەند مەرجێکی دیاریکراوی هەیە، سەرجەم توێژینەوەکانیش لە توێی کتێبێکدا چاپ دەکرێن و بە دیاری پێشکەش بە توێژەران و میوانانی کۆنفرانس دەکرێت.