ڤێدریک لیۆناردۆ، وەرزشکاری شاخەوانیی ئیندۆنیزی توانی لە کێبڕکێکانی شاخەوانیی سەرکەوتن بەسەر بەربەستەکاندا مەدالیای ئاڵتوونیی بەدەستبهێنێت.
لیۆناردۆ لە پێشبڕکێی کۆتایی سەرکەوتنی خێرا بەسەر بەربەستەکاندا، توانی لە یاریی کۆتاییدا بە 4 چرکە و 77ی چرکەیەک بەسەر دیواری بەربەستەکاندا سەربکەوێت و ،ەدالیای ئاڵتوونی مسۆگەربکات، پلەی دووەمیش بۆ وو پینگی چینی بوو.
پلەی سێیەم و مەدالیای برۆنزیش سام واتسۆنی ئەمریکی بەدەستیهێنا، سەرەڕای ئەوەی خاوەنی ریکۆردی جیهانییە و لە ئۆڵۆمپیادی پاریسیش باشترین ریکۆردی تۆمارکردووە.
دوێنێ لە ئاستی خانمان، ئەلیکساندرا میرۆسلاڤ، خانمە وەرزشکاری شاخەوانیی پۆڵەندی توانی مەدالیای ئاڵتوونیی بەدەستبهێنێت.