وەزارەتى بازرگانیى عێراق رایگەیاند، بۆ کۆنترۆڵى نرخەکان لەبازاڕ و هاوکارى هاوڵاتییان، لەم مانگەدا سێ هایبەرمارکێت دەکرێنەوە و نرخی خۆراک هەرزانتر دەبێت.
محەمەد حەنون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاند: وەزارەتەکەی کاری بۆ کاراکردنەوەی ناوەندەکانی بازاڕکردن بە سیستەمی هایپەرمارکێت بۆ کۆنترۆڵی نرخی خۆراک، بە ئامانجى پاڵپشتی هەژارەکان و ئەو خێزانانەى داهاتیان سنوردارە، کردووە.
راشیگەیاند: هایپەرمارکێتەکان هەموو پێداویستیی خۆراکی هاوڵاتیان دابیندەکەن و کاڵا و شمەکەکانیش لەرێگەی قەرزەوە لە بانکەکانەوە کە لە دە ملیۆنەوە تاوەکو 25 ملیۆن دینار دەبێت، بە قیست بە هاوڵاتییان دەدرێن.
گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، گوتیشى "بڕیارە لە مانگەکانى دیکەش 15 هایبەرمارکێتى دیکە بەپشتبەستن بە کەرتی تایبەت لەژێر چاودێری حکومەتدا، لە قەزا و ناحییەکان بکرێنەوە.
محەمەد حەنون دەڵێت: لە رێگەی کردنەوەى ئەو هایبەرمارکێتانەوە نرخى خۆراک و پێداویستییەکانى رۆژانەى هاوڵاتییان لە بازارو شوێنەکانى دیکە هەرزانتر دەبێت.