ئەمشەو ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکوک لە بەغداد کۆدەبێتەوە و لەکۆبوونەوەکەدا پۆستەکانى پارێزگاکە یەکلایی دەکرێنەوە.
بەگوێرەى زانیارییەکانى کەناڵ8، بانگهێشتنامە بۆ سەرجەم ئەندامانى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکوک نیردراوە بۆئەوەى لەبەغداد کۆببنەوە.
لەبارەی ئەگەری پێکنەهێنانی ئیدارەی خۆجێی کەرکوک تاوەکو 11ـی ئاب، تۆرهان موفتی، راوێژکارى سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کارووبارى پارێزگاکان بە کەناڵ8ى راگەیاند، "بەگوێرەى یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، ماوەی 30 رۆژ دیاریکراوە بۆ پێکهێنانی ئیدارەى خۆجێی دوای یەکەم دانیشتنی ئەنجوومەن، بەڵام باسلەوەنەکراوە دوای تێپەڕبوونی ئەو 30 رۆژە چارەنووسی ئەنجوومەنەکە چی بەسەردێت، ئەمەش بۆشاییە لە یاساکەدا".
هەربەگوێرەى زانیارییەکان بڕیارە، پۆستى پارێزگارو بەشێک لە پۆستەکان یەکلاییبکرێتەوەو هەر پێکهاتەیەک بەشدارى کۆبوونەوەکە نەکات بەگوێرەى بەرکەوتەى هەڵبژاردن پۆستەکانى بەبەتاڵى بۆ جێدەهێڵرێت.
یاساى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان، دیاریکردووە، کە پێویستە لەماوەى یەک مانگ لەدواى یەکەم کۆبوونەوەى ئەنجوومەن پۆستەکان یەکلاییبکرێتەوەو سبەینێ ئەو وادەیە کۆتایی دێت کەیەکەم کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکوکى تێدا ئەنجامدرا.
بەگوێرەى دوایین ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک، هاوپەیمانی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە (یەکێتی) پێنج کورسی، هاوپەیمانی عەرەبی سێ کورسی، پارتی دیموکراتی کوردستان دوو کورسی، هاوپەیمانی قیادە دوو کورسی، بەرەی تورکمانی دوو کورسی، هاوپەیمانی عروبە 1 کورسی و کۆتای کریستیان 1 کورسییان بەدەستهێناوەو هیچ پێکهاتەیەک بەتەنها زۆرنیەى کورسییەکانى بەدەستنەهێناوە.