تاوەکو کۆتایی مانگی ئازاری ئەمساڵ، لە تورکیا زیاتر لە یەک ملیۆن ماڵپەڕ بلۆککراوە، لە نوێترین بڕیارى حکومەتى تورکیاشدا ماڵپەڕى ئینستاگرام و یاریی رۆبڵۆکس بلۆککران.
بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی جهمورییەتی تورکی، تاوەکو کۆتایی مانگی ئازاری ئەمساڵ، زیاتر لە یەک ملیۆن ماڵپەڕ لە تورکیا قەدەغەکراون کە دوایینیان بەر لە هەفتەیەک ئینستاگرامە.
بەگوێرەی داتاکانی کۆمەڵەی ئازادی رادەربڕین تا کۆتایی مانگی ئازاری 2024، زیاتر لە یەک ملیۆن ماڵپەڕ لە تورکیادا قەدەغەکراون. و بە گوتەی پرۆفیسۆر یامان ئاکدەنیز لە کۆلێژی یاسای زانکۆی بیلگی، بلۆککردن و قەدەغەکردنی ماڵپەڕەکان، زۆرینەیان بێ بوونی هیچ فەرمانێکی دادگا، لەلایەن سەرۆکی دامەزراوەی تەکنەلۆژیای زانیاریی و پەیوەندییەکان دراون و دوایین نموونەش بریتییە لە ئینستاگرام.
یامان ئاکدەنیز ئاماژە بەوەدەکات، قەدەغەکردن و بلۆککردنی تەواوەتی ماڵپەرێک، وەک لە بریارەکانی دادگای دەستووریی تورکیادا لەبارەی تویتەر و یوتیوب و ویکیپیدیادا هاتووە، نایاساییە.
بەگوێرەى زانیارییەکان، زیانی رۆژانەی داخستنی ئینستاگرام بە 1.9 ملیار لیرە واتە نزیکەی 60 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت.
حکومەتی تورکیا رۆژی دووی ئاب تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام و رۆژی حەوتی ئاب، یاریی رۆبڵۆکسی داخست.
ئینستاگرام نزیکەی 58 ملیۆن بەکارهێنەر و رۆبڵۆکس زیاتر لە 15 ملیۆن بەکارهێنەری لە تورکیا هەیە و زیانی داخستنی ئینستاگرام لە ماوەی یەک هەفتەدا بە 13 ملیار لیرە دەخەمڵێندرێت.