ساڵی رابردوو، لە کۆی85 ملیۆن دانیشتووی تورکیا و باکوورى کوردستان،40.7 ملیۆن کەس قەرزیان لە بانکە جۆراوجۆرەکان کردووە، تێكڕای قەرز بۆ هەر کەسێک لە 57 هەزار لیرەوە گەیشتووەتە 81 هەزار لیرە.
بەرزی رێژەی هەڵاوسان و کەمى مووچە، بووەتە هۆی نزمبوونەوەی هێزی کڕین لەلای دانیشتوان و بەر لە هاتنی سەری مانگ، هاوڵاتییان ناچار دەبن بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانیان قەرز بکەن، ئەمەش بووەتە هۆی زیادبوونی رێژەی قەرزاران و بڕی قەرزى سەریان.
بەگوێرەی راگەیەنراوێکی ناوەندی مەترسیی سەر بە یەکێتیی بانکەکانی تورکیا، ژمارەی ئەو کەسانەی لە ماوەی ساڵی رابردوودا قەرزی کەسییان لە بانکەکان کردووە 2.1 ملیۆن کەس زیادیکردووە و گەیشتووەتە 40.7 ملیۆن کەس.
هەر بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، تێکڕای بڕی قەرز لە ماوەی ساڵی رابردوودا لە 57 هەزار لیرە 1700 دۆلار وە بۆ 81 هەزار لیرە 2420دۆلار بەرزبووەتەوە.
زۆرترین رێژەی هاوڵاتییانی قەرزاری بانکەکان لە سەرانسەری تورکیادا، لە شاری ئیستانبوڵە بەرێژەی 28%، بەدوای ئەویشدا ئەنقەرەی پایتەخت و ئیزمیر دێن بەڕێژەی 10% و 7%.
حکومەتی تورکیا دەستی بەجێبەجێکردنی پرۆگرامێکی ئابووریی بۆ دابەزاندنی رێژەی هەڵاوسان و جێگیرکردنی نرخی لیرە لە وڵاتەکەی کردووە، بەڵام هێشتا رێژەی هەڵاوسان نزیکەی 62% رێژەی سوودی بانکیی 50% و هەر 100 دۆلارێکی ئەمریکیش بە سێ هەزار و 350 لیرەیە.