ئێران پشتڕاستیکردەوە کە گەیشتن بە ئاگربەست لە شەڕی بەردەوامی غەززەدا "کاری لەپێشینەیە" بۆ تاران، لە هەمان کاتدا جەختی لەسەر "مافی ڕەوای" خۆی بۆ وەڵامدانەوەی کوشتنی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی پێشووی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لە تاران کردەوە.
سەعید ئیرڤانی، نوێنەرى ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، "کاری لەپێشینەی ئێمە گەیشتنە بە ئاگربەستێکی هەمیشەیی لە کەرتی غەززە، هەر رێککەوتنێک کە حەماس پێیڕازی بێت، لەلایەن ئێمەشەوە دانیپێدادەنرێت".
گوتیشى، "ئیسرائیل بە کوشتنى هەنییە ئاسایشی نەتەوەیی و سەروەری ئێمەی پێشێل کردووە، ئێمە مافی رەوای بەرگریکردنمان لە خۆمان هەیە، ئەمەش بە هیچ شێوەیەک پەیوەندی بە ئاگربەستی غەززەوە نییە".
نوێنەرەکەی ئێران لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "هیوادارین کاتی وەڵامدانەوەمان و شێوازی جێبەجێکردنی لەسەر حیسابی ئەگەری ئاگربەست نەبێت".
ئیسماعیل هەنییە، لە رۆژی 31ی تەممووز، لە تاران پاش بەشداریکردن لە دەستبەکاربوونی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژرا، هەرچەندە ئیسرائیل تاوەکو ئێستا هیچ لێدوانێکی لەسەر ئەو کردەوەیە نەداوە، هاوکات ئێران بەڵێنی تۆڵەسەندنەوەی لە ئیسرائیل داوە.
بڕیارى دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و حەماس لەکاتێکدایە، لە دوای کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، تاوەکو ئێستا حەماس هەڵوێستى لەسەر دانوستان و ئاگربەست رانەگەیاندووە، ئایا تۆڵەى هەنییە دەکەنەوە یاخود دەچنە سەر مێزیی دانوستان.