یارییەکانی گۆڕەپان و مەیدان ریکۆردی نوێی لەخۆگرت

کێبڕکێکانی گۆڕەپان و مەیدانی ئۆڵۆمپیادی پاریس تەنیا دوو رۆژی ماوە و هەنگاو بەهەنگاو بەرەو کۆتایی دەڕوات، لە یارییە حەوتییەکانی خانمان ناسراو بە هێپتاسلۆن، نافیساتۆ تیامی بەلجیکی سەرکەوتنی بەسەر رکابەرەکانیدا بەدەستهێنا و بەجیاوازی 36 خاڵ لەپێش کاتارینا جۆنسنی بەریتانییەوە مەدالیای ئاڵتوونی پێشبڕکێکەی یەکلاییکردەوە.

ئەو خانمە بەلجیکییە، بۆ سێیەمجارە لەسەریەک مەدالیای ئاڵتوونیی ئۆڵۆمپیادی ئەو پێشبڕکێیە بەدەستدەهێنێت، بەوەش هاوشانی ئانیتا لۆدارشیکی پۆڵەندی، بووە دووەم خانمە وەرزشوان سێ مەدالیای ئاڵتوونی لەهەمان یارییدا بەدەستبهێنێت.

تۆمسۆن لە پێشبڕکێی 800 مەتری هەوڵیدا پێش تیام بکەوێت، بەڵام راکەرە بەلجیکییەکە پارێزگاری لەئاستە بەرزەکەی کرد و پێگەی خۆی لە پێشەنگی باشترین وەرزشوانەکاندا هێشتەوە.

لە پێشبڕکێی دووانەی 5 هەزار بۆ 10 هەزار مەتری خانمان، بیاتریس شیبیتی کینی، پێشبڕکێکەی لەماوەی 30 خولەک و 43 چرکەدا بڕی و پلەی یەکەم و مەدالیای ئاڵتوونی مسۆگەرکرد.

هاوکات، نادیە باتۆکلیتی ئیتاڵی، ژمارەیەکی پێوانەیی نوێی بۆ وڵاتەکەی تۆمارکرد، کاتێک بە 30 خولەک و 43 چرکە و بەجیاوازییەکی کەم مەدالیای زیویی بۆ ئیتاڵیا بەدەستهێنا، لەپلەی سێیەمیشدا، سیفان حەسەنی هۆڵەندی پاڵەوانی رابردووی تۆکیۆ، مەدالیای برۆنزیی پێشبڕکێکەی مسۆگەرکرد.

لە پێشبڕکێی 400 مەتر بەربەستی پیاوان، رای بنیامینی ئەمریکی، لەکۆتاییدا توانی لەژێر سێبەری ژمارە پێوانەییەکانی کارستن وارهۆڵم دەربچێت، دوای ئەوەی لە 46.46 چرکەدا ماوەکەی بڕی و سەرکەوتنی بەسەر هەڵگری ناسناوەکەدا بەدەستهێنا.

ئالیسۆن دۆس سانتۆسی بەرازیلی، بۆ دووەمجار لەسەریەک مەدالیای برۆنزی ئۆڵۆمپیادی بەدەستهێنا، بەوشێوەیە هەمان سێ یاریزانی ئۆڵۆمپیادی تۆکیۆی رابردوو خەڵاتەکانیان یەکلاییکردەوە.