ئیسرائیل کوشتنی سەرۆکی دەزگای ئاسایشی گشتی بزووتنەوەى حەماسى لە باشووری غەززە راگەیاند.
لە راگەیەندراوێکدا سوپای ئیسرائیل ئەوەی ئاشکراکردووە، لە هێرشێکی سوپای وڵاتەکەیاندا بۆ سەر باشووری غەززە، توانیویانە وەلید سوسی، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی گشتی حەماس بکوژن.
لە راگەیەندراوەکەی سوپای ئیسرائیل ئاماژە بەوەشکراوە، وەلید سوسی یەکێک بووە لە کەسە کاریگەرەکانی بزووتنەوەی حەماس لە پرسی هەواڵگریی لەناوخۆی کەرتی غەززە.
باس لەوەشکراوە، سوسی کەسێکى چالاک بووە لە بەڕێوەبردن و دروستکردنی هەواڵگریی حەماس.
هێرشەکە لە کاتێکدایە، بڕیارە رۆژی پێنجشەممەى داهاتوو گەڕێکی نوێی دانووستانەکانی بزووتنەوەی حەماس و حکومەتی ئیسرائیل بە نێوەندگیریی میسڕ، قەتەر و ئەمریکا بەرێوەبچێت.
هاوکات بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئەوەی ئاشکراکردووە، رۆژی 15ـی ئاب شاندى دانووستانکار دەنێرن بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان لەگەڵ حەماس.
لەماوەی رابردوودا سوپای ئیسرائیل هێرشی بۆسەر سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماس و حیزبوڵای لوبنانی دەستپێکردووە و لەدواین هێرشیشدا ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی پێشووى مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەکەی لە ناو تارانی پایتەختی ئێران کردە ئامانج.