رووسیا ئۆپراسیۆنێکی بۆ بەرپەرچدانەوەی لەشکرکێشیی هێزەکانی ئۆکرانیا دەستپێکرد

تانکێکی هێزەکانی رووسیا، فۆتۆ: AFP

وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند، هێزە چەکدارەکان بەردەوامن لە بەرپەرچدانەوەی سەربازانی ئۆکرانیا بۆ بەزاندنی سنوورەکان.

سوپاى رووسیا ئۆپراسیۆنی دژە تیرۆری لە سێ ناوچەی سنووری ئۆکرانیا دەستپێکرد، ئەمەش لە پێنجەمین رۆژی هێرشی پێچەوانەی هێزەکانی ئۆکرانیایە بۆ سەر ناوچەی سنووریی کورسکی رووسیا.

تاوەكو ئێستا حکومەتى کیێڤ هیچ لێدوانێكی لەسەر هێرشە پێچەوانەكە نەداوە، بەڵام ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکى ئۆکرانیا ئێوارەی شەممە دانی بە جموجۆڵە سەربازییەکاندا نا کە ئامانجیان گواستنەوەی شەڕە بۆ خاکی ڕووسیا.

ئاژانسی رۆزاتۆمی رووسیا بڵاویكردەوە، ئەو هێرشەی ئۆکرانیا دەستیپێکردووە، مەترسییەکی راستەوخۆی لەسەر وێستگەیەکی ئەتۆمی دروستکردووە کە دەکەوێتە دووری کەمتر لە 50  کیلۆمەتر لە ناوچەی شەڕەوە.

سێشەممەی رابردوو، سوپای ئۆکرانیا سنوورەكانی ناوچەی کورسکیان بڕیی و لەو قۆڵەوە چەندین کیلۆمەتر پێشڕەوییان كردووە.

وەزارەتی بەرگری ڕوسیا ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند، "هێزە چەکدارەکان بەردەوامن لە بەرپەرچدانەوەی هەوڵی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا بۆ بەزاندنی سنوورەکان"، ئاماژەی بەوەشکرد، فڕۆکە و تۆپخانەیان بەکارهێناوە بۆ لێدانی هێزەکانی ئۆکرانیا.