چۆن منداڵ بەهۆی کەمیی ئاسنەوە تووشی کەمخوێنی دەبێت؟

باشترە هەموو منداڵێک لە تەمەنی یەک ساڵیدا شیکاری تاقیگەیی بۆ کەمیی ماددەی ئاسنی بۆ بکرێت،

ماددەی ئاسن لە خوێندا لەگەڵ هیمۆگلۆبین یەکدەگرێت و ئەمەش توانای هەڵگرتنی ئۆکسجینی پێدەدات.

نیشانەکانی کەمخوێنی بەهۆی کەمی ماددەی ئاسنەوە لە منداڵاندا:

  1. رەنگی منداڵەکە کاڵ دەبێتەوە
  2. منداڵەکە بێ تاقەت و کڕوزانەوەی زۆر دەبێت
  3. لێدانی دڵی خێرا دەبێت
  4. کاریگەریی لەسەر ئاستی زیرەکیی منداڵەکە دەبێت
  5. بێزووکردن بەو تەنانەوە کە ناخورێن (بۆ نموونە سەهۆڵ، خۆڵ و قوڕ، کاغەز)

ئەو منداڵانەی ئەگەریان زیاترە تووشی کەمیی ماددەی ئاسن ببن ئەمانەن:

  1. ئەو منداڵانەی کە بە ناکامی لەدایکدەبن (واتە پێش ماوەی ئاسایی تەواوبوونی دووگیانییەکە لەدایکدەبن)
  2. خواردنی شیری مانگا بە فرێشی یان بە دەبە پێش تەمەنی یەک ساڵی، بە تایبەتی ئەگەر ئەم شیرە خواردنی سەرەکیی منداڵەکە بێت.
  3. منداڵێک کە شیری دایکی بخوات و ئەگەر لەدوای 6 مانگیەوە خواردن نەدرێت بە منداڵەکە، بەتایبەتی ئەو خواردنانەی کە ماددەی ئاسنیان تێدا زۆرە یان بە ماددەی ئاسن دەوڵەمەندکراون (سریلاک)
  4. ئەگەر منداڵێک شیری قوتوو بخوات و شیرەکە ماددەی ئاسنی تێدا نەبێت
  5. منداڵی تەمەن یەک بۆ پێنج ساڵ ئەگەر زیاتر لە 24 ژمارە  واتا 720 میلیلیتر شیری مانگا یان شیری بزن بخواتەوە

باشترە هەموو منداڵێک لە تەمەنی یەک ساڵیدا شیکاری تاقیگەیی بۆ کەمیی ماددەی ئاسنی بۆ بکرێت، ئەگەر منداڵەکە لەو کۆمەڵەیەی سەرەوە بوو کە ئەگەریان زیاترە تووشی حاڵەتەکە بن دەبێت پێش تەمەنی یەک ساڵی پشکنینیان بۆ بکرێت.

چارەسەر  ماددەی ئاسن بە شێوەی گیراوە بۆ ماوەی سێ مانگ ، بڕی رۆژانەی گیراوەکە دەبێت بەگوێرەی کێشی منداڵەکە و لەلایەن پزیشکی پسپۆڕی منداڵانەوە دیاریبکرێت.

هۆکاری ئەوەی کە هەندێک منداڵ بەم چارەسەرەش باشنابن لەوانەیە یەکێک لەم هۆکارانە بێت:

  1. منداڵەکە دەرمانەکە ناخوات
  2. بڕێکی کەمی دەرمانەکەی پێ دراوە
  3. لەوانەیە کێشەکە لە جۆری دەرمانەکە هەبێت
  4. دەکرێت کێشە لە هەڵمژینی دەرمانەکە هەبێت لە ریخۆڵەدا
  5. هەندێکجار خوێن بەربوونی نادیار لە رێڕەوی هەرسدا هەیە
  6. لەوانەیە لەهەمانکاتدا هەوکردنی لە شوێنێکی دیکەی جەستەدا هەبێت
  7. لەوانەیە منداڵەکە کەمیی ڤیتامین بی9 یان بی12ـی هەبێت کە ئەوانیش هۆکارن بۆ کەمخوێنی
  8. دەکرێت هۆکاری کەمخوێنییەکە نەدۆزرابێتەوە

د. پشدەر عەبدوڵڵا، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان