سەعدى ئەحمەد پیرە، گوتەبێژى یەکێتى رایگەیاند "بەهەوڵى هەموو لایەک پارێزگارێک بۆ کەرکوک دانرا و رێبوار تەها لەمڕۆوە پارێزگارى هەموو رەنگەکانە و نابێت بۆچوونمان وابێت بەتەنیا پارێزگارى یەکێتییە".
لەمیانەى ئەنجامدانى کۆنفرانسێکى رۆژنامەوانیدا لە بارەگاى مەکتەبى سیاسیى یەکێتى لە هەولێر، سەعدى ئەحمەد پیرە، گوتەبێژى یەکێتى ئاماژەى بەوە کرد "نەهجى بەڕێوەبردنى کەرکوک لە حەوت ساڵى رابردوودا نەهجى تەعریب بوو".
گوتیشى "کاتى ئەوە هاتووە خاڵێک بۆ رابردوو دابنێین و ململانێى پێشوو کۆتاییهات و زمانى ئێستا زمانى لەیەکتر تێگەیشتنە".
لەبارەى گەیشتنە رێککەوتن بۆ هەڵبژاردنى پارێزگارى کەرکوک، گوتەبێژى یەکێتى روونیکردەوە "لە دوایین کاتژمێردا توانیمان زۆرینەى گونجاو کۆبکەینەوە".
گوتیشى "ئەگەر خۆمان کێشەکانمان چارەسەر نەکەین بۆمان چارەسەر دەکەن".
جەختیشیکردەوە "ئەوە بچوککردنەوەى رێبوار تەها و پارێزگارى کەرکوکە کە بۆچوونمان وابێت بەتەنیا پارێزگارى یەکێتییە".
شەوى رابردوو کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک لە بەغداد بەرێوەچوو و تێیدا رێبوار تەها بە پارێزگار و محەمەد حافز بە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک هەڵبژێردران.
هەڵبژاردنى پارێزگارى کەرکوک کاردانەوەى جیاوازى لێکەوتەوە و راکان جبورى، پارێزگارى پێشووى ئەو شارە کۆبوونەوەکەى بە نایاسایى ناوبرد و ئامادەبوونى سێ ئەندامى عەرەبیشى لە کۆبوونەوەکە بە "ناپاکى" ناوبرد.
هاوکات حەسەن تۆران، سەرۆکى بەرەى تورکمانى رایگەیاند "ئەوەى دوێنێ روویدا تێکدانى متمانە بوو".
ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگاى کەرکوک قسەیەکى جیاوازى هەیە لەو بارەیەوە و دەڵێت "بە گوێرەی شایستەی هەڵبژاردن و ژمارەی کورسییەکان پۆستەکانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک دابەشکراون".
پەروین فاتیح، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک بە کەناڵ8ـی گوت، پێکهاتەکانی کورد و عەرەب و کریستیان، بەشداریی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوکیان کردووە.
پەروین فاتیح ئاماژەی بەوەشکرد، بەگوێرەى شایستەی هەڵبژاردن و ژمارەی کورسییەکان، پۆستەکانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک دابەشکراون.
ئەوەشی خستەڕوو، پۆستەکانی پێکهاتەی تورکمان بە بەتاڵیی جێهێڵدراوە و هەرکاتێک ئامادەبوون، پۆستەکانیان پێدەدرێت.