پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لیستی ناوی وەزیرانی سەرجەم وەزارەتەکانی کابینەی مەسعود پزیشکیان رەوانەى پەرلەمانی ئێران کرا.
بە گوێرەی میدیاکانی نزیک لە حکومەتی ئێران، لە لیستەکەدا ناوی 18 وەزیر پێشنیازکراون، گرنگترینیان بریتین لە، عەباس عێراقچی بۆ وەزیری دەرەوە، ئیسماعیل خەتیب وەزیرى ئیتلاعات، عەزیز نەسیرزادە بۆ وەزیری بەرگری، ئەسکەندەر موئمینی بۆ وەزیری ناوخۆ، موحسین پاکنەژاد، بۆ وەزیری نەوت، عەباس عەلی ئابادی بۆ وەزیری وزە پێشنیازکراون.
عەلیرەزا سەلیمی، گوتەبێژی سەرۆکایەتی پەرلەمانی ئێران رایگەیاندووە، هەر کە لیستی ئەندامانی ئەنجوومەنی وەزیران گەیشت، کۆمسیۆنە تایبەتمەندەکان پێداچوونەوە بە راپۆرت و بەرنامەی وەزیرە پێشنیازکراوەکان دەکات.
بڕیارە رۆژی چوارشەممەی ئەم هەفتەیە لە پەرلەمان دەنگ بە وەزیرە پێشنیازکراوەکان بدرێت.
5ـى تەممووزی 2024، لە گەڕى دووەمی چواردەیەمین خولی سەرۆکایەتیی ئێران، مەسعود پزیشکیان، بەربژێری ریفۆرمخوازەکان توانی زیاتر لە 16 ملیۆن دەنگ بە دەستبهێنێت.
رۆژی سێشەممە 30ـى تەممووزی 2024، مەسعود پزیشکیان، بە ئامادەبوونی نوێنەری زیاتر لە 80 وڵاتی بیانی بە نۆیەمین سەرۆککۆماری ئێران سوێندی یاسایی لە پەرلەمانی وڵاتەکەی خوارد و بە گوێرەی یاساش 14 رۆژى لە بەردەمدا بوو بۆ پێشکەشکردنى پێکهاتەى کابینەکەی.
کابینە پێشنیازکراوەکەی پزیشکیان بۆ پەرلەمانی ئێران بەم شێوەیەیە:
وەزیری پەروەردە: عەلیرەزا کازمی
وەزیری پەیوەندییەکان: ستار هاشمی
وەزیری ئیتلاعات: ئیسماعیل خەتیب
وەزیری ئابووری: عەبدولناسر هیمەتی
وەزیری دەرەوە: عەباس عێراقچی
وەزیری تەندروستی:محەمەد محەمەد رەزا زەفەرقەندی
وەزیری کار و چاودێری کۆمەڵایەتی: ئەحمەد میدری
وەزیری کشتوکاڵ: غوڵامرەزا نوری
وەزیری داد: ئەمین حسێن رەحیمی
وەزیری بەرگری و پشتیوانی و هێزەچەکدارەکان: عەزیز نەسیرزادە
وەزیری رێگاوبان و گەشەپێدانی شارەکان: فەرزانە سادق
وەزیری زانست و تەکنەلۆجیا: حوسێن سیمایی
وەزیری رۆشنبیری: عەباس ساڵحی
وەزیری ناوخۆ: ئەسکەندەر موئمینی
وەزیری پیشەسازی و کانگا و بازرگانی: محەمەد ئەتابەک
وەزیری میراتی رۆشنبیری و گەشتوگوزار:رەزا ساڵحی ئەمیری
وەزیری نەوت: موحسین پاک نەژاد
وەزیری وزە: عەباس عەلی ئابادی
وەزیری وەرزش: ئەحمەد دونیامالی