نیگارکێشێکی بەلجیکی – هۆڵەندی بوو تابلۆکانی گوزارشتیان لە ژیانی رۆژانەی خەڵکی دەکرد بە شێوازێکی رۆمانسی، تابلۆکانی تایبەت بوون بە دیمەنی شەوانە کە تێیدا روناکی چرا و مۆمی تێدا بەکاردەهێنا، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە بە "مۆنسیۆر شاندێل - پیاوی مۆمەکان" بناسرێت.
پێتروس ڤان شێندێل (1806-1870) نیگارکێشێکی بەلجیکی – هۆڵەندی بوو، تابلۆکانی گوزارشتیان لە ژیانی رۆژانەی خەڵکی دەکرد بە شێوازێکی رۆمانسی، تابلۆکانی تایبەت بوون بە دیمەنی شەوانە کە تێیدا روناکی چرا و مۆمی تێدا بەکاردەهێنا، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە بە "مۆنسیۆر شاندێل - پیاوی مۆمەکان" بناسرێت، ناسراوترین کارەکانی بریتین لە (بازاڕ لە ژێر رۆشنایی مۆمدا 1869 و خانمە ماسی فرۆشەکە 1843.
لەسەر ئامۆژگاری هاوڕێیەکی خانەوادەکەیان کە ئەفسەرێکی خانەنشینکراوی سوپا بووە، باوکی ناردویەتی بۆ خوێندن لە ئەکادیمیای شاهانەی هونەرە جوانەکان لە ئەنتۆرب، لەوێ لە ساڵی 1822 تا 1828 لەگەڵ نیگارکێشی مێژوو "ماتیۆس ئیگناتیۆس ڤان بری" خوێندوویەتی و لەگەڵ دەرچوونیدا خەڵاتی مێدالیای زێڕی لەسەر "گۆشەنیگا" وەرگرتووە.
وەک نیگارکێشی پۆرترێت ناوبانگی دەرکرد و هەمیشە لە جوڵەدا بوو، لە شاری برێدا (1822-1829)، ئەمستردام (1830-1832)، رۆتەردام (1823-1838) و لاهای (1838-1845) ژیاوە، بەشداربووی بەردەوامی پێشانگای مامۆستا زیندووەکان و "ساڵۆنە سێ ساڵەییە" جۆراوجۆرەکانی ئەنتۆرب و برۆکسل و گێنت بووە، لە ساڵی 1834 وەک ئەندامی ئەکادیمیای شاهانەی هونەرە جوانەکان لە ئەمستردام دەستنیشانکرا.
لە ساڵی 1845 بە یەکجاری لە برۆکسل نیشتەجێ دەبێت، ستۆدیۆ تایبەتەکەی دابەش بووبوو بەسەر دوو بەشدا، یەکێکیان رووناکییەکی زۆر باشی تێدا بوو، بەشێوەیەکی سەرەکەی لەوێدا نیگاری دەکێشا، بەشەکەی تری رووناکییەکی کزی هەبوو کە مۆدێلەکانی تێدا نمایش دەکرد، لە ماوەی کۆتایی ساڵانی 1840 لە پێشانگاکانی پاریس و لەندەن چەندین خەڵاتی بەدەستهێناوە، هەندێک لە بەرهەمەکانی لەلایەن شا لیۆپۆڵدی یەکەمەوە کڕدراون، چەند کتێبێکیشی لەسەر گۆشەنیگا و دەربڕینی دەمووچاو بڵاو کردەوە.
بەدەر لە هونەرەکەی، زۆر گرنگی داوە بە میکانیکی بزوێنەرە هەڵمییەکان، لە ساڵی 1841، داهێنانی بۆ ئامێرێک کردووە بۆ باشترکردنی نووکی پێشەوەی کەشییە هەڵمییەکان لەگەڵ چەند داهێنانێکی بواری هێڵی ئاسنین و هاوسەنگی لە هەردوو لای گالیسکەی شەمەندەفەر و وەرگرتنەوەی زەوییە زۆنگاوەکانی دی کامپین.
سێ جار هاوسەرگیری کردووە و پانزە منداڵی بووە، سێزدەیان لەلایەن ئەلیزابێسی هاوسەری یەکەمیەوە بووە، کە لە ساڵی 1850 کۆچی دوایی کرد.