چۆن ئامادەکاریی بۆ گەشتێکی چێژبەخش بکەیت؟

توێژینەوەکان باس لەوە دەکەن، دوورکەوتنەوە لە کار و ئەنجامدانی گەشت بەتەنها نابێتە هۆکاری دڵخۆشبوون و کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێ، بەڵکو دەبێت چەند هەنگاوێکی دیکە بگیرێتە بەر تاوەکو زۆرترین سوود لە گەشتەکە ببینرێت.

گرنگترین ئەو هەنگاوانەی کە دەبێت پێش گەشتێک بیگریتە بەر بۆئەوەی بتوانیت بحەوێیتەوە و لە دڵەڕاوکێ دووربکەویتەوە:

تا زووتر پلان ۆ گەشتەکەت دابنێیت باشترە

گەشتی پلان بۆ دانەنراو، لەجیاتی خۆشی و حەوانەوە دەکرێت ببێتە هۆی هەستی ناڕەحەتی و غەمباری، بۆیە زووتر پلانی گەشتەکەت دابنێ تا لە گەشتەکەتدا دەستبکەیت بە چێژوەرگرتن و کاتبەسەربردن، نەک تەواوکردنی کاتەکەت بە گەڕان  بەدوای شوێندا یان ئەو شتانەی دەتەوێت تاقی بکەیتەوە.

مەودایەک بۆ سوپرایزەکان بهێڵەرەوە:

پلان دانان بۆ گەشتەکەت بە واتای ئەوە نیە تەواوی ئەو شتانە دیاری بکەیت کە دەیانکەیت یان دەیانبینیت و نەچیت بۆ هیچ شوێنێکی دیکە، بەڵکو مەودایەک بۆ سوپرایز بهێڵەرەوە، بە نمونە سەردانی شوێنێک بکە کە لە پلانەکەتدا نیە و بە رێکەوت زانیوەتە ئەو شوێنە نزیکە، یان چێشتخانەیەک کە نەتدەزانی هەیە و دەتوانیت بچیت و ژەمێکی جیاواز تاقی بکەیتەوە.

چونکە بەشێک لە توێژینەوەکان باس لەوە دەکەن، ئەو سوپرایزانەی کە لە گەشتێکدا دێنە پێشت، دڵخۆشیت زیاتر دەکەن و دڵەڕاوکێت کەمدەکەنەوە.

لەماوەی گەشتەکەتدا بیر لە شتی دیکە مەکەرەوە:

بڕیار بدە کە لە ماوەی گەشتەکەتدا وازبهێنیت لە بیرکردنەوە لە کارەکەت، داهاتووت یان هەر شتێک کە تووشی دلەڕاوکێت دەکات، لەجیاتی ئەوە لەو ساتەدا بژی و چێژ لە کاتەکانت ببینە و بحەوێرەوە، دووربکەوەرەوە لە هەستی دڵەڕاوکێ.

دووربکەوەرەوە لە تەکنەلۆجیا:

دووربکەوەرەوە لە بەکارهێنانی تەکنەلۆجیا، بەکەمترین راددە خۆت بە مۆبایل یان لاپتۆپەوە سەرقاڵ بکە، لەجیاتی ئەوە تێکەڵ بە سروشت ببە و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانت زیاتر بکە.