سامانی ملیاردێرەکانی جیهان لە هەفتەیەکدا 200 ملیار دۆلار کەمیکردووە

لەماوەی هەفتەیەكدا سەروەت و سامانی ملیاردێرەكانی جیهان نزیكەی 200 ملیار دۆلار كەمی كردووە و بازاڕی پشکەکان لە ژاپۆن بۆ نزیکەی یەك تریلیۆن دابەزیوە، پشکەکانی تەکنەلۆژیاش زیانێکی زۆریان بەرکەوت، لەگەڵ ئەوەشدا لە 10 سەرمایەدارەكەی جیهان تەنيا مارك زوكەربێرگی دامەزرێنەری فەیسبووك قازانجی كردووە و ئەوانی دیكە زەرەریان كردووە.
بەگوێرەی ئاژانسی بلومبێرگ، سەروەت و سامانی ملیاردێرەکانی جیهان لە ماوەی هەفتەیەکدا نزیکەی 200 ملیار کەمیکردووە، لە ژاپۆن بەهای بازاڕی پشکەکان بۆ نزیکەی یەك ترلیۆن دۆلار دابەزیوە، بەمەش سەرمایەی بازاڕ گەیشتە 6.1 ترلیۆن دۆلار.
بلومبێرگ باسی لەوەشكردووە، سەرەڕای زیانی سەرمایەدارەكان، مارك زوكەربێرگی دامەزرێنەری فەیسبوك، هەفتەی رابردوو 10 ملیار دۆلارى بۆ سەروەتەكەی زیادكرد و كۆی گشتيی سامانكەی گەیشتە 184 ملیاردۆلار، بەوەش بووە خاوەنی زۆرترین قازانج لە هەفتەی رابردوودا و لە ریزبەندی 10 سەرمایەدارەكەی جیهان پلەی بۆ سێیەم بەرزبووەوە
هاوكات، ئیلۆن مەسك، بەڕێوبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای تێسلا، سامانەكەی لە 235 ملیار دۆلارەوە بۆ 229 ملیار دۆلار دابەزی لەماوەی هەفتەیەكدا، بەڵام لە پلەی یەکەمی ریزبەندی مایەوە و دەوڵەمەندترین پیاوی جیهانە.