کۆمپانیای ئیپیک گەیمس رایگەیاند، دوای 4 ساڵ لە دابڕان، جارێکی دیکە یاریی ئەلیکترۆنی فۆرتنایت لەسەر ئایفۆن لە یەکێتی ئەوروپا و لەسەر ئامێرەکانی ئەندرۆید لە سەرانسەری جیهاندا بەردەستدەبێت.
لە مانگی ئابی 2020، هەردوو کۆمپانیای گوگڵ و ئەپڵ، یاریی فۆرتنایتیان لە ناو فرۆشگای ئەپڵیکەیشنەکانیاندا لابرد و رایانگەیاند یارییەکە پێشێلی یاساکانیانی کردووە، لە کاتی قەدەغەکردنەکەیدا فۆرتنایت بە تەنیا لەسەر پلاتفۆرمەکانی ئەپڵ، 116 ملیۆن بەکارهێنەری هەبوو.
یاسای بازاڕی دیجیتاڵی یەکێتی ئەوروپا رێگە بە ئیپیک دەدات فرۆشگای یاری خۆی لە یەکێتی ئەوروپا بکاتەوە، هەرچەندە ئەپڵ هێشتا رێگە لە بەکارهێنەرانی دەرەوەی ئەوروپا دەگرێت لە دەستگەیشتن بە فۆرتنایت و فرۆشگای یارییەکانی لە ناو ئامێرەکانی کۆمپانیاکەدا.
تیم سوینی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئیپیک بە رۆژنامەوانانی راگەیاند :"زۆر سوپاسگوزارین بۆ کۆمیسیۆنی ئەوروپا کە نەوەکو تەنیا یاسای بازاڕی دیجیتاڵی پەسەندکرد و رێگە بە پێشبڕکێ دەدات، بەڵکو بە بەهێزی ئەپڵ و گوگڵی کۆنترۆڵکردووە تاوەکو دڵنیابن لەوەی ناتوانن رێگری لە پێشبڕکێ بکەن".
یاری فۆرتنایت، لەلایەن ستودیۆی ئیپیکی ئەمریکییەوە بەرهەمدەهێندرێت و لەلایەن کۆمپانیای تێنسێنتی چینییەوە پاڵپشتیدەکرێت، کە گەورەترین ستودیۆی یاریی ئەلیکترۆنییە لە جیهاندا، لە ساڵی 2017 دامەزراوە، لەو کاتەوە بە یاریی فۆرتنایت، سەرنجی ملیۆنان گەیمەری بەلای خۆیدا راکێشاوە.
ئیپیک مانگانە 75 ملیۆن بەکارهێنەری چالاکی لە فرۆشگاکانی کۆمپیوتەردا هەیە، پێشبینیدەکات تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ 100 ملیۆن بەکارهێنەری مۆبایلیش زیادبکات.