/

دادگای کارگێڕیى داواکەی راکان جبوری رەتکردەوە

راکان جبوورى، پارێزگارى پێشووى بە وەکالەتى کەرکوک

دادگاى کارگێڕی داواکەی راکان جبورى بۆ دەرکردنى فەرمانى سالاریى تایبەت بە کۆبوونەوەى هۆتێل رەشید رەتکردەوە.

دادگاى کارگێڕی لەبارەی داواکەی راکان جبورى لەبارەی کۆبوونەوەکەی 10ـی ئاب لە هۆتێل رەشیدی بەغداد کە حکومەتى خۆجێیى کەرکوک پێکهێندرا دەڵێت: مەرجەکانى دەرکردنى فەرمانى سالاریى تێدا نییە.

پێشتریش دادگاى باڵاى فیدراڵيى عێراق سکاڵاى هەریەک لە حەسەن تۆران، سەرۆکى بەرەى تورکمانى عێراقى و سۆسەن عەبدولواحید، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوكى رەتکردەوە، كە لەسەر سەرۆككۆماری عێراق لەبەرامبەر دەركردنی مەرسوومی كۆماریی بۆ پارێزگاری نوێی كەركوک و ئەو نۆ ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگاکە تۆماریانكردبوو داوایان كردبوو, دادگای باڵای فیدراڵی بە فەرمانێکى سالاریی دانیشتنەكە و دەرەنجامەكانی پووچەڵبكاتەوە.

دادگا لەوەڵامى سکاڵاکارەکانى پێکهاتەى تورکماندا دەڵێت، بابەتەکە هیچ هۆکارێکى تێدانییە بۆئەوەى سیفەتى بەپەلەى پێبدرێت و داواکە رەتدەکەنەوە، چونکە دژى ماددەى 94ـى دەستوورى عێراق و ماددەى 5ـى یاساى دادگاى فیدراڵییە.

سکاڵاکان لەکاتێکدایە، نۆ ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکوک، لە کۆى 16 ئەندام، شەوى 10ـی ئاب لە هۆتیل رەشید لە بەغداد کۆبوونەوە، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا بە هەڵبژاردنى رێبوار تەها، بە پارێزگارى کەرکوک و محەمەد حافز، وەک سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکوک، بەشێک لە عەرەبەکانى کەرکوک و بەرەى تورکمانیی رایانگەیاند، کۆبوونەوەکەى ئەنجوومەنى پارێزگا نایاساییە و لە دادگاى فیدڕاڵى ساکاڵایان تۆمارکرد داواى راگرتنى رێکارەکانى ناو کۆبوونەوەکەیان کرد.