وەزیری ژینگەی عێراق: ناوچەکەمان زۆرترین کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوای لەسەرە

test
نزار ئامێدی، وەزیری ژینگەی عێراق

نزار ئامێدی، وەزیرى ژینگەی عێراق ئاشکرایدەکات، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست یەکێکە لەو ناوچانەی زۆرترین کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوای لەسەرە و رایگەیاند، بۆ بەرەنگاربوونەوەی پیسبوون، گۆڕانکارییە ژینگەییەکان و بە بیابانبوونی زەوی لە عێراق کار لەسەر چەند ستراتیجێک دەکەن.

نزار ئامێدی، بەشداریی لە دووەم کۆبوونەوەی وەزیرانی عەرەب و شەشەمین کۆبوونەوەی شێوازی هەماهەنگیی عەرەبی بۆ کەمکردنەوەی مەترسییە ژینگەییەکان کرد کە لە میسڕ سازکراوە.

ئامێدی لە وتارێکدا ئاماژەى بە راپۆرتێکى نەتەوەیەکگرتووەکان کرد کە تێیدا باسلەوەکراوە، ناوچەکەیان رووبەڕووی گۆڕانکاریی ژینگەیی سەخت دەبێتەوە، کە خۆی لە زیادبوونی پیسبوونی کەشوهەوا و گۆڕانکارییە ژینگەییەکان و دووبارەبوونەوەی زریان، وشکەساڵی و لافاو دەبینێتەوە.

باسیلەوەشکردووە "لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە، بەهۆی کارەساتە سروشتییەکانەوە، زیانە گیانی و ماددییەکان بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیانکردووە، ئەمەش بووەتە هۆکارى پەکخستنی پلانی بەرنامەی پەرەپێدانی وڵاتانی عەرەبی و ناچارکردنیان بۆ دابینکردنی بەشێک لە داهاتەکانیان بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی گۆڕانکارییە ژینگەییەکان و دووبارە بونیادنانەوەی دامەزراوە زیانلێکەوتووەکان و پەرەپێدانی تەکنەلۆجیایی پێشبینیکردنی کارەساتەکان".

نزار ئامێدی، راشیگەیاند: لەپێناو کەمکردنەوەی کارەساتە ژینگەییەکان و بەهیوای کەمکردنەوەی مەترسییەکان و شێوازی ئیدارەدانی لە عێراق، هۆبەی کارەساتەکانیان لە وەزارەتی ژینگە دروستکردووە.

گوتیشى، "بۆ رووبەڕووبوونەوەی پیسبوون، گۆڕانکارییە ژینگەییەکان، بەبیابانبوونی زەویی و گۆڕانکاریی بایەلۆجی، چەند ستراتیجێکیان داڕشتووە".

بەگوێرەى رێکخراوی یونیسێف سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان، عێراق لە کۆی 163 وڵات لە ریزبەندی 61دا دێت لە مەترسییە ژینگەییەکان بۆ سەر  منداڵان و لە ریزبەندی پێنجەمی نەتەوەیەکگرتووەکاندا دێت، لە کەمبوونەوەی ئاو و خۆراک و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما.

loading....