ئەمساڵ مۆزەخانەی نینتێندۆ لە ژاپۆن دەکرێتەوە

مۆزەخانەی نینتێندۆ لە ژاپۆن

ئامادەکارییەکانی یەکەم مۆزەخانەی کۆمپانیای نینتێندۆ، تایبەت بە یارییە ئەلیکترۆنییەکان، لە وڵاتی ژاپۆن کۆتاییهات، چاوەڕواندەکرێت لە مانگی تشرینی یەکەمدا، بەڕووی سەردانیکەراندا بکرێتەوە.

کۆمپانیاکە یەکەم کارگەی دروستکردنی بەرهەمەکانی کردووە بە جێگەیەک بۆ کۆکردنەوەی یارییەکانی بە درێژایی مێژوو، مۆزەخانەکە لەسەر شێوازی یاریی سوپەر ماریۆ بونیادنراوە، کە یەکێکە لە بەناوبانگترین یارییەکانی نینتێندۆ.

شیگرو میامۆتۆ، دیزاینەری یاریی "سوپەر ماریۆ برۆس"، لە ڤیدیۆیەکی یوتیوبدا، بەناو مۆزەخانەکەدا دەگەڕێت و بەشەکان بە بینەران دەناسێنێت، ئەو دەڵێت:"هەموو ئەو یارییانە نمایشدەکەین کە نینتێندۆ لەکاتی دروستبوونییەوە بڵاویکردووەتەوە، سەیری هەرلایەک دەکەیت، بەرهەمەکانمان لە کۆنەوە تاوەکو ئێستا دەبینیت و زیاتر تیشکمان خستووەتە سەر یارییە ئەلیکترۆنییەکان".

مۆزەخانەکە تیشکی خستووەتەسەر "مێژووی پەرەپێدانی بەرهەم و فەلسەفەی کۆمپانیاکە"، ئەمساڵ کۆتایی بە کارەکانی هاتووە و لە 2ی تشرینی یەکەمەوە بەڕووی هەوادارانیدا دەکرێتەوە.

کۆمپانیاکە لە ساڵی 1889 کە دەکاتە 135 ساڵ لەمەوبەر دامەزرێنراوە، سەرەتا کاری دروستکردنی یاریی بووە و دواتر روویکردووەتە بەرهەمهێنانی یارییە ئەلیکترۆنییەکان، یەکەم ئامێریی یاریی ئەلیکترۆنی نێنتێندۆش لە مۆزەخانەکە نمایشکراوە کە 47 ساڵ لەمەوبەر بەرهەمهێنراوە.

لەپاڵ یارییە ئەلیکترۆنەکان و ئامێرەکانیان، ئەو بەرهەمانەی نینتێندۆش نمایشکراون، پێش ئەوەی کۆمپانیاکە دەستبکات بە بەرهەمهێنانی یاریی ئەلیکترۆنی، وەکو: ئامێری کۆپی کردنی کۆپیلاس، گالیسکەی منداڵ، یاریی کارد، تەختەی یاریکردن، ئۆتۆمبێلی پێشبڕکێ و چەندین جۆری دیکەی یاریی خێزانی.

هاوکات لە ناو یارییەکاندا ئەو چەکە لەیزەرییەشی تێدایە کە بووە خاڵی وەچەرخانی کۆمپانیاکە و لە دوای ئەوەوە دەستیکرد بە دروستکردنی ئامێری یارییە ئەلیکترۆنییەکان.