سەرۆکی ناوەندی ستراتیجی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراق رایگەیاند، ساڵانە بڕە پارەیەکى زۆرى عێراقییەکان بەهۆى یارى پەبجیەوە دەڕواتە دەرەوەو دەشڵێت، زۆرینەى بەکارهێنەرانى ئەو یارییە ژنان و مندڵانن.
فازڵ غەراوى، سەرۆکی ناوەندی ستراتیجی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراق ئاماژەى بەوەکردووە، یاریی پەبجى و یارییە شەڕکەرەکانی دیکە بوونە هۆی دەرچوونی ملیارێک دۆلار لە عێراق، لە رێگەی کڕینی کارتى یارى و بەدەستهێنانى پشتیوانى بەهێزبوونى هەژمارەکەوە.
ئەوەشخراوەتەڕوو، بەهای قازانجی کۆمپانیای پەبجى لە عێراق بۆ ساڵی 2023 بۆ 2024، 60 ملیۆن دۆلار بووە، هەروەها بەرزترین هەژماری فرۆشراو 25 هەزار دۆلار بووە، کۆى گشتى نزیکەى یەک ملیار دۆلار تاوەکو ئێستا لەرێگەى ئەویارییەوە لە عێراق چووەتە دەرەوە.
غەراوى ئاماژەى بۆئەوەشکردووە، یارییەکە بووەتە دیاردەیەک لەنێو ئەو کەسانەی تەمەنیان لە خوار 25 ساڵەوەیە، تاوەکو ئەو ئاستەی کە نازناوى نەوەى پەبجییان لێنراوە ئەوەش جگە لە رێژەیەکی زۆر لە ژنان، بەتایبەتی خانمانی ماڵەوە و منداڵانی کەمتر لەتەمەنى شەش ساڵ بەشێوەیەکى بەربڵاو بەکاریدەهێنن کە رێژەکەیان دەگاتە 60%ـى بەکارهێنەران.
سەنتەرەکە هۆشداری دەدات لەوەى، یارییەکە مرۆڤ تووشى ئالوودەبوون دەکات و بەکارهێنەر دەیەوێت بەردەوام یارییەکە بکات، ئەمەش کاردەکاتە سەر دۆخى دەروونى و دەبێتە هۆی ئەوەی کەسەکە کەسێکى شەڕەنگێز بێت و لە ئاکامدا کەسێکى توندوتیژى لێدەردەچێت و بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانى پەنا بۆ رەفتارى توندوتیژ دەبات.