پاش تێپەڕبوونى حەوت مانگ بەسەر پڕکردنەوەى فۆڕم بۆ یەکەکانى کرێنشینان نیشتەجێبووەکانى سەر بە وەزارەتى ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردنى حکومەتى هەرێمى کوردستان، ناوى سوومەندبوان یەکلانەکراوەتەوە.
ژمارەى یەکەکانى کرێنشینان، نۆ هەزار و چوار یەکەیە، 26 هەزار هاونیشتمانى بۆ وەرگرتنیان فۆڕمی پڕکردووەتەوە، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنى حکومەتى هەرێمى کوردستان پێشتر بە کەناڵ8ى راگەیاندبوو، لەمانگى شوباتى ئەمساڵ دەست بە جیاکردنەوەى ناوەکان دەکەین.
لەبارەى چارەنوسى ئەو یەکانە و جیاکردنەوەى فۆڕمەکانەوە، مەریوان مەلاحەسەن، گوتەبێژى وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، بە کەناڵ8ی گوت" جیاکردنەوەى ناوى 26 هەزار هاونیشتمانى کوردستان، کە خاوەنى یەکەى دیکەن یان کرێنشینن، پڕۆسەیەکى ئاسان نییەو کاتى دەوێت، بۆیە شەش مانگى دیکەمان پێویستە بۆ جیاکردنەوەو یەکلاکردنەوەى ناوەکانیان".
ناوبراو ئاماژەى بەوەشکرد، زۆربەى پرۆژە نیشتەجێبوونەکان تەواوکراون و بەشێکیان جێبەجێکردنیان ماوە، هەروەها خزمەتگوزارییەکانی پڕۆژەکان تەواو نەکراون، بۆیە ئەوەش پێویستە وەبەرهێنەرو بەڵێندەران کارەکانیان تەواو بکەن و گرێبەستیان لەگەڵ ئەنجام بدرێت.
هاوکات، باسى لەوەشکرد، وەزارەتى ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن لەم کابینەیەدا ئەو پڕۆژانەى زیندوو کردووەتەوە تا کرێنشینان سوودمەند بن لێى، بەڵام پڕۆسەکە کاتى دەوێت.