نەشتەرگەرییەکی پێشکەوتوو بە بەکارهێنانی هێدسێتی VR ئەنجامدرا

پزیشکانی شاری شەنگهای، بە بەکارهێنانی تەکنەلۆجیای نوێی ”ڤی ئاڕ“ و ژیریی دەستکرد، نەشتەرگەرییەکی پێشکەوتووی شێرپەنجەی گەدەیان ئەنجامدا.
لە نەخۆشخانەی ”رێنجی“ـی شەنگهای، یەکەمین نەشتەرگەری لە جیهاندا بە بەکارهێنانی هێدسێتی ”ڤی ئاڕ“ بە سەرکەوتوویی ئەنجامدرا. ئەم هێدسێتە تایبەتمەندە رێگەی بە پزیشکەکان دەدا کە لە یەک کاتدا ژووری نەشتەرگەری ببینن و لەڕێگەی ژیریی دەستکردەوە ناوبینی بۆ نەخۆشەکە بکەن، ئەمەش وایکردووە پزیشکان بتوانن بە وردی نەشتەرگەرییەکە ئەنجامبدەن.
پزیشکان چاویلکەی ڤی ئاڕیان بۆ نزیککردنەوە وێنەکان و دەستنیشانکردنی شوێنی دیاریکراوی نەشتەرگەرییەکە بەکارهێناوە، بەجۆرێک لەڕێگەی ئامێرەکەوە شوێنی خانە شێرپەنجەییەکانیان دیاریکردووە، بەبێ ئەوەی بە شێوەیەکی فیزیکی دەست لە ناوچەکە بدەن.
لە هەمانکاتدا سیستەمی ژیریی دەستکرد لە هێدسێتەکدا جێگیرکرابوو کە داتای وردی دەدا بە پزیشکان، تاوەکو بتوانن باشترین شوێنی بڕین بۆ ئەو خانە شێرپەنجەییانە دیاریبکەن کە لە شوێنی سەخت و هەستیاردا بوون و بە ئاسانی لایانبەرن.
گو جیایی، پزیشکی پسپۆری کۆئەندامی هەرس، کە بەشداری لە نەشتەرگەرییەکەدا کردبوو، ئاماژەی بەوە داوە، ”بەکارهێنانی ڤی ئار و ژیریی دەستکرد، هاریکارێکی باشی ئێمە بوون، بۆ ئەوەی کە بە وردی شوێنەکان دەستنیشانبکەین، پاشان ناوچەکە ببڕین.“
بە گوتەی ئەم پزیشکە، پێشتر زۆربەی پزیشکانی نەشتەرگەری بە شێوەیەکی فیزیکی پشتیان بە بەکارهێنانی دەستەکانیان دەبەست، بۆ ئەوەی بڕیاربدەن لە کوێدا نەخۆشەکە پێویستی بە بڕین هەیە، بەڵام ئێستا شێوازەکانی نەشتەرگەری گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە. نەشتەرگەریی رۆبۆتی بۆ نەشتەرگەرییە ناوەکییەکانی وەکو گەدە بەکاردەهێنرێت.
پسپۆڕەکە باسی لەوەش کردووە، پزیشک ناتوانێت خۆی دەستی بخاتە ناوەوەی جەستە و دەستی لێبدات، بۆیە دەبێت شێوازی رەسەنی دیاریکردنی شوێنی برین بگۆڕدرێت. تەکنەلۆجییاکانی وەک ڤی ئار و ژیریی دەستکرد، کارئاسانییەکی باش بۆ پسپۆڕانی بواری نەشتەرگەری دەکەن و هۆکاردەبن بۆ ئەوەی ئەنجامەکان وردتر و باشتر ببن.