فلۆریدا کتێبە نەشیاوەکان لە خوێندگەکاندا قەدەغە دەکات

ویلایەتی فلۆریدا، لەڕێگەی دەرکردنی یاسای قەدەغەکردنی کتێبەوە، خوێنەران و ناوەندەکانی بڵاوکردنەوەی تووڕە کردووە و بەشێوەیەکی یاسایی دەیانەوێت دادگا کێشەکە چارەسەر بکات.

لەماوەی رابردوودا، ویلایەتی فلۆریدا یاسایەکی نوێی بۆ خوێندنگەکان دەرکرد و ئاماژەی بەوە دا؛ پێویستە ئەو کتێبانەی بەگوێرەی رێنماییەکانی ویلایەتەکە ئاماژەیان پێدراوە، لە قوتابخانەکان قەدەغە بکرێن و خوێندکارەکان ناتوانن بیانخوێننەوە.

هەریەک لە خانەکانی پەنگوین راندۆم هاوس و سایمن و شوستەر، داوای یاساییان دژی ئەم بڕیارە ئاڕاستەی دادگە کردووە و ئاماژە بەوە دەدەن: ئەم بڕیارەی فلۆریدا ئاماژەیە بۆ بەرتەسککردنەوەی ئازادیی و دەستووری وڵاتەکە پێشێل دەکات.

چەندین کتێبی بەناوبانگ لە لیستی قەدەغەکراوی فلۆریدان لەوانەش بەرهەمەکانی نووسەران مایا ئانجیلۆ و ئێرنست هێمنگوەی.

بە گوتەی گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی فلۆریدا، سیدنی بووکەر؛ یاسای قەدەغەکردنی کتێبەکان تەنها چوارچێوەی خوێندنگەکان دەگرێتەوە، ئەو کتێبانەش دەکرێنە ئامانج کە بابەتی هەستیار و نەشیاویان تێدایە بۆ کتێبخانەی نێو خوێندنگەکان.

بەگوێرەی ئامارەکان، ناوی سێ هەزار و 135 کتێب لە لیستی قەدەغەکراوەکاندا هاتوون و رەخنەگرانیش دەڵێن: ئەمە ئاماژەیە بۆ سەرهەڵدانی پێشێلکاریی و بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان.