تەنیا دوو هەفتە لە دوای بڵاوبوونەوەی، کۆمپانیای سۆنی رایگەیاند کە یاری کۆنکۆرد دادەخات، کە یارییەکی تەقەکەرە و لەلایەن ستۆدیۆکانی فایەر وۆکەوە پەرەی پێدراوە. یارییەکە لە 23ی ئاب بۆ کۆمپیوتەر و پلەیستەیشن ٥ بڵاوکرایەوە و لە 6ی ئەیلوولی 2024دا بەتەواوی دادەخرێت.
لە پۆستێکی بلۆگدا، بەڕێوەبەری یاریی کۆنکۆرد رایان ئێلیس کێشەکانی خستنەڕووی یارییەکە و ئەزموونی یاریزانانی وەک هۆکاری سەرەکی بڕیارەکە باسکردووە. لە ئێستادا فرۆشتنی یارییەکە راگیراوە و پارە بۆ ئەو کەسانەش دەگەڕێندرێتەوە کە لە رێگەی فرۆشگای پلەیستەیشن، ستیم، یان فرۆشگای یارییەکانی ئێپیکەوە یارییەکەیان کڕیوە. دەشتوانرێت کۆپی فیزیکی وەک دێسکەکان بگەڕێندرێتەوە بۆ فرۆشیارانی یارییە ئەلیکترۆنییەکان بۆ گەڕاندنەوەی پارەکەیان.
سەرەڕای ئەوەی بۆ ماوەی هەشت ساڵ لە پەرەپێداندا بوو بە تێچووی مەزەندەکراوی 100 ملیۆن بۆ 200 ملیۆن دۆلار، کۆنکۆرد کێشەی هەبوو لەگەڵ بەشداریکردنی رێژەیەکی کەمی یاریزانان و لە کێبڕکێشدابوو لەگەڵ یارییە خۆڕاییەکانی وەک ئۆڤەرواچ 2 و ئەپێکس لێجند، لەکاتێکدا نرخی یاریی کۆنکۆرد 40 دۆلاری ئەمریکیبوو.