داهاتی یارییە ئەلیکترۆییەکان دەگاتە 257 ملیار دۆلار

هەوادارێکی یارییە ئەلیکترۆنییەکان، لەڕێگەی هێدسێتی ڤێرچواڵ ریاڵتییەوە، یاری بەناوبانگی ئەمۆنگ ئەس دەکات. وێنە: AP

توێژینەوەیەکی نوێی بەین ئاند کەمپەنی، پێشبینیدەکات داهاتی پیشەسازی یاریی ئەلیکترۆنی، تاوەکو ساڵی 2028، نزیکەی یەک لەسەر سێ بەرزببێتەوە، ئەم زیادبوونە بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە، بەکارهێنەرانی گەنج، جگەلە کاتبەسەربردن، ژینگەی یاریکردن بۆ چالاکی دیکەش بەکاردەهێنن.

پێشبینی دەکرێت، داهاتی یارییە ئەلیکترۆنییەکان لەساڵی 2028، بگاتە 257 ملیار دۆلار و ئەمەش %31 زیاترە لەو 196 ملیار دۆلارەی لە 2023 تۆمارکراوە.

راپرسییەکەی بەین، زیاتر لە 5000 کەس لە وڵاتانی وەکو ئیمارات، بەرازیل، ئەندەنوسیا، ژاپۆن، بەریتانیا و ئەمریکا، بەشدارییان تێداکردووە.

بەگوێرەی راپرسییەکە، ئەو فاکتەرەی پاڵپشتی زیادبوونی داهاتی یارییە ئەلیکترۆنییەکان دەکات، ئەو کارانەیە کە لەپاڵ یاریکردندا گەیمەران دەیکەن، وەکو کۆمەڵایەتی بوون و بازاڕکردن، هەروەها کارکردنی یارییەکان لەسەر ئامێرە جیاوازەکان، وەکو مۆبایل،تابلێت، کۆمپیوتەر و تەکنەلۆجیای ڤێرچواڵ ریاڵتی، وادەکات گەیمەران بەردەوامبن لە یاریکردن و ئەمەش واتای قازانجی زیاتری پیشەسازییەکە دەگەیەنێت.

ژمارەی گەیمەران بەهۆی ئەو تەکنەلۆجیا نوێ و سەرنجڕاکێشانەی لە ناو یارییە ئەلیکترۆنییەکاندا بەکاردێت، تاوەکو دێت زیاتردەبێت، بەگوێرەی ئەو داتایانەی بەین ئاند کەمپەنی کۆیکردووەتەوە، لە ئەمساڵدا ژمارەی گەیمەران لە جیهاندا گەیشتووەتە 3.4 ملیار گەیمەر،  1.8 ملیاری ئەم ژمارەیەش، لە وڵاتانەن کە دەکەونە ئاسیا و زەریای هێمن، کە دەکاتە نیوە زیاتری ژمارەی گەیمەرانی جیهان.

ژمارەی گەیمەران لە جیهاندا بەمشێوەیە دابەشبوون:

وڵاتانی ئاسیا و زەریای هێمن-1.8 ملیار گەیمەر

وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا-559 ملیۆن گەیمەر

وڵاتانی ئەوروپا-454 ملیۆن گەیمەر

وڵاتانی ئەمریکای لاتین-355 ملیۆن گەیمەر

وڵاتانی ئەمریکای باکوور-244 ملیۆن گەیمەر