پۆڵەندا و کرواتیا، کە لەهەمان کۆمەڵەی پۆرتوگال لە نەیشنزلیگ کێبڕکێ دەکەن، ئەمشەو کاتژمێر (9:45) بەکاتی هەرێمی کوردستان رووبەڕوودەبنەوە.
یارییەکە لە یاریگەی ئۆپوس ئارینا لەشاری ئۆسجیک لە کرواتیا ئەنجامدەدرێت، کرواتیای خانەخوێ لە یەکەم یارییدا بەرامبەر پۆرتوگال شکستیهێنا وپۆڵەنداش بە ئەنجامی سێ گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ سەرکەوتنی بەرامبەر سکۆتلەندا تۆمارکرد و هاوشانی پۆرتوگال کێبڕکێ بۆ خانەی یەکەمی گرووپەکەی دەکات.
بەگوێرەی زانیاریی میدیاکانی پۆڵەندا، بەهۆی پێکانێکی سووکەوە گومان لە بەشداریکردنی رۆبێرت لیڤاندۆڤیسکی ئەستێرەی یانەی بەرشلۆنە دەکرێت لەم یارییەدا، لەبەرامبەردا زڵاتکۆ دالیچی راهێنەری کرواتیا سوودمەند دەبێت لە تەواوی ئەستێرەکانی.
دوایین یاریی نێوان ئەم دوو هەڵبژاردەیە مێژووەکەی بۆ ساڵی 2008 دەگەڕێتەوە لە یۆرۆی 2008، کاتێک کرواتیا بە ئەنجامی گۆڵێکی بێوەڵام سەرکەوتنی بەدەستهێنا.
هەر لە کۆمەڵەی چوارەم کە ئیسپانیا و سویسرا یاری تێدا دەکەن، ئەمشەو کاتژمێر (7:00) بەکاتی هەرێمی کوردستان، هەڵبژاردەی دانیمارک میوانداریی سڕبیا دەکات.
دانیمارک لە نەیشنزلیگ بە ئاستێکی بەرزەوە دەرکەوتووە، یەکەمین یاریی بەئەنجامی دوو گۆڵی بێوەڵام لە سویسرا بردووەتەوە و لەپلەی یەکەمی گرووپەکەدایە، لەبەرامبەردا سڕبیا یەکەم یاریی لەیاریگەی خۆیدا بەبێ گۆڵ بەرامبەر ئیسپانیا کۆتاییپێهێنا.
ئەمشەو هەریەک لە راهێنەران، لارس کنودسن و دراگۆن ستۆیکۆڤیچ، بەبێ پێکان و بەتەواوی پێکهاتەکانیانەوە ئامادەدەبن.
لەدوایین چوار یاریی نێوان ئەم دوو هەڵبژاردەیەشدا دانیمارک باڵادەستبووە و سێ سەرکەوتن و یەکسانبوونێکی تۆمارکردووە، کۆتا یارییش کە رووبەڕووبوونەتەوە لەقۆناغی کۆمەڵەکانی یۆرۆی 2024 بوو و یاریی نێوانیان بەبێ گۆڵ کۆتاییهات.