رۆناڵدۆ بەرامبەر سکۆتلەندا بەدوای گۆڵی ژمارە 901دا دەگەڕێت

هەڵبژاردەی پۆرتوگال لە نەیشنزلیگ بەشێوەیەکی نموونەیی دەرکەوت و یەکەمین یاریی بە ئەنجامی دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە کرواتیا بردەوە، کریستیانۆ رۆناڵدۆش هەر لەو یارییەدا ژمارەی گۆڵەکانی گەیاندە 900 گۆڵ، کە تاوەکو ئیستا هیچ یاریزانێک لەمێژووی جیهاندا بەو ژمارەیە نەگەیشتووە.

بەڕازیلییەکانی ئەوروپا ئامانجیان لە بردنەوەیەک گەورەترە و دەیانەوێت بەهەمان ئاستەوە بگەن بە قۆناغە پێشکەوتووەکان، بەوپێیەی لە وەرزی 2018 بۆ 2019 یەکەمین پاڵەوانی خولەکە بوون و لەوکاتەوە نەیانتوانیووە بگەنەوە بە قۆناغی پێش کۆتایی.

پۆرتوگال ئەمشەو لە یاریگەی دا لوز میوانداریی سکۆتلەندا دەکات، کە لە ریزبەندیی هەڵبژاردەکانی ئاستی کەمەدا دوواین هەڵبژاردەیە و پلەی 48ی گرتووە.

پۆرتوگال لە دوو وەشانی رابردوودا هەردوو یاریی دەستپێکی بردووەتەوە، چاوی لەوەیە ئەمجارەش هەمان ریکۆرد سێبارە بکاتەوە، جگە لەە ریکۆرد و ژمارە و داتا، بردنەوە لەم یارییەدا بۆ رۆبێرتۆ مارتینێزی راهێنەر گرنگە تاوەکو جارێکی دیکە لەدوای شکستی یۆرۆ متمانەبەخۆبوون بۆ یاریزانەکانی بگەرێنیتەوە.

مارتینێز لەم یارییەدا سوودمەند دەبێت لەتوانای سەرجەم یاریزانەکانی و بەبێ پێکان یاریگەی دا لوز بۆ جەنگاوەرانی سکۆتلەندا جۆشدەدات، هەرچەندە سکۆتلەنداش بە پێکهاتەیەکی نموونەییەوە ئامادەی یارییەکە دەبێت، بەلام لەرووی ژمارەییەوە بەرامبەر پۆرتوگال داشی سوار نییە، هاندەرانی هەڵبژاردە شینەکە لەدوایین 13 یارییاندا لە بۆنە نیودەوڵەتییەکاندا جارێک نەبێت بەهیچ شێوەیەک تامی سەرکەوتنیان نەکردووە، نەک هەرئەوەش، بەڵکو پۆرتوگال یەکێکبووە لەو هەڵبژاردانەی لەکۆی 10 یاریدا شەشجار بەسەریاندا سەرکەوتووە.