رۆدری دەگەڕێتەوە بۆ پێکهاتەی ئیسپانیا

ئیسپانیای پاڵەوانی ئەوروپا لە یەکەمین یاریی نەیشنزلیگ بەهەمان گوڕوتینی یۆرۆوە دەرنەکەوت، دوای ئەوەی بەرامبەر سڕبیا بەبێ گۆڵ دەرچوو، گەشتەکەیان هەر لەدەرەوەی ئیسپانیا بەردەوام دەبێت و وئەمجارە لە یاریگەی جنێف بەرامبەر سویسرا یاریدەکەن.

ئیسپانیا لەم یارییەدا پێویستی بە سەرکەوتنە و سویسراش لە یەکەم یاریدا بەرامبەر دانیمارک بە دوو گۆڵی بێوەڵام شکستیهێناوە و لەنێو خاک و هاندەرانیدا پێویستی بە قەرەبووکردنەوەیە، بەڵام بارودۆخەکە لەبار نییە بۆیان، مورات یاکینی راهێنەر بەهۆی راگرتنەوە لەتواناکانی گرانیت شاکای ئەستێرەی ئارسیناڵ و نیکۆ ئالڤێلدی یاریزانی بوروسیا مونشنگلادباخ بێبەشدەبێت.

لویس دی لا فوێنتی لەم یارییەدا هێڵی ناوەندی دەبوژێتەوە و رۆدری، ئەستێرەی مان سیتی دەگەڕیتەوە بۆ نێو پێکهاتەی سەرەکی، دوای ئەوەی لەلایەن یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپاوە بۆ یارییەک سڕکرا و بەرامبەر سڕبیا نەیتوانی بەشداری بکات، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕایەوە کە لە ئاهەنگگێرانەکانی یۆرۆدا گوتبووی "جەبەل تاریق بەشێکە لە ئیسپانیا"، ئەمەش رێگەپێدراو نییە و سزای بەدواداهات.

ئیسپانیا و سویسرا بەدرێژایی مێژووی یارییەکانی نێوانیان کە لە 1957وە دەستپێدەکات، 11 جار بەرامبەر بەیەکدی وەرستاونەتەوە، لارۆخا پێنج سەرکەوتنی هەیە و دوایین یارییشیان لە نەیشنزلیگ هەر بە سەرکەوتنی ئەوان کۆتاییهاتووە.

ئەوەی ئیسپانیا لە رکابەرەکانی دیکەی سویسرا جیادەکاتەوە، ئەوەیە کە پێکهاتەیەکی هاوسەنگیان هەیە جگە لە دوو هێلی ناوەند و هێرشبەریی ئاگرین، لەرووی بەرگرییەوە زۆر بەهێزن و هەشت یارییە لەدەرەوەی یاریگەی خۆیاندا شکستیان نەهێناوە و رەنگە سویسرا نەتوانێت ئەم ڕیچکەیە بشکێنێت.

ئیسپانیا پاڵەوانی نەیشنزلیگی 2022/2023.