/

نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ: ئەمڕۆ لیستی وانەبێژان ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران دەکرێت

خۆپیشاندانی مامۆستایانی وانەبێژ، فۆتۆ: حەمە سوور - کەناڵ8

بڕیارە ئەمڕۆ وردبینیی لیستی ناوی وانەبێژان تەواو بکرێت و ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بکرێت، لەوێشەوە بنێردرێتە وەزارەتی دارایی.

عەلی رەئووف، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ لە لێدوانێکدا بە کەناڵ8ـی راگەیاند، بڕیارە ئەمڕۆ کاری وردبینی بۆ ناوی وانەبێژان تەواو بکرێت و رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران بکرێت، لە پاش ئەویش رەوانەی وەزارەتی دارایی دەکرێت، پاشان دەدرێتە گەنجینەی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان".

گوتیشی، "بەگشتی پێویستە سەرجەم رێکارەکان تاوەکو 25ـی ئەیلول و یەکەم رۆژی وەزری خوێندن تەواو بکرێت، بۆ مانگی تشرینی یەکەم یەکلایی کراوەتەوە، کە لیستی مامۆستایانی وانەبێژ لە خەرجییەوە دەچێتە نێو لیستی مووچە و لە 13 ملیار و 700 ملیۆن دینارەوە دەبێتە 18 ملیار دینار".

لەهەرێمی کوردستان 38 هەزار مامۆستای وانەبێژ دەکرێنە گرێبەست و مووچەکانیان لە داهاتی ناوخۆ پڕدەکرێتەوە.