ئەرجەنتین هەشتەم یاریی پاڵاوتنەکان بەرامبەر کۆڵۆمبیا ئەنجامدەدات

لە گەڕی هەشتەمی پالاوتنەکانی ئەمریکای باشوور بۆ مۆندیال، ئەمشەو یارییەکی ئاگرین لەنێوان هەڵبژاردەکانی ئەرجەنتین و کۆڵۆمبیا ئەنجامدەدرێت، سەماکەرانی تانگۆ گەشتدەکەن بۆ شاری بارانکویا و لە یاریگەی میترۆپۆلیتانۆ رۆبێرتۆ مێلیندێز بە ئامادەبوونی نزیکەی 50 هەزار هاندەر رووبەڕووی کۆڵۆمبیای خانەخوێ دەبنەوە.

یارییەکە دووبارەی فاینەڵی کۆپا ئەمریکای 2024ە، کاتێک ئەرجەنتین بە گۆڵێکی لاوتارۆ مارتینێز لە کاتە زیادکراوەکاندا سەرکەوتنی بەدەستهێنا، بەڵام ئەمجارە ئەرجەنتین بەبێ مێسی یاریدەکات، هاوکات ئەستێرەکانی کافیتیرۆس بەسەرکردایەتی نیستۆر لۆرینزۆی را‌هێنەر دەیانەوێت لەسەردەمی جەیمس رۆدریگێز و لویس دیازدا لەنێو هاندەرانی خۆیاندا ئەنجامێکی باشتر تۆماربکەن.

کۆڵۆمبیا لەکۆی حەوت یاریی پاڵاوتنەکاندا تاکە هەڵبژاردەیە کە هیچی نەدۆڕاندووە، 13 خاڵی کۆکردووەتەوە و لەدوایین یاریشیاندا بەرامبەر پێرو یەکسانبوون، لەریزبەندیی هەڵبژاردەکانیشدا پلەی سێیەمیان گرتووە و گەیشتنیان بە مۆندیال دوور نییە و هەوڵدەدەن پێشوەختە پێگەی خۆیان مسۆگەربکەن.

لەبەرامبەردا ئەرجەنتین لەکۆی 21 خاڵ لەسەردەمی سکالۆنیدا، 18 خاڵی لەرکابەرەکانی داماڵیوە و دوایین یاریشیان بە بردنەوەیەکی گەورە (3 بە 0) بەرامبەر چیلی کۆتاییهات.

ئالبی سێلیستی سەرەڕای ئەوەی لەنیوە رێگەی پاڵاوتنەکاندایە، بەڵام یەکەمی کیشوەرەکەیەتی و ئەوەندەی نەماوە بلیتێکی مۆندیال بۆ جاری چواردەیەم لەمێژوویدا بەرەو مۆندیال مسۆگەربکات، لەکاتێکدا ئەم هەڵبژاردەیە لە 1974وە لە جامی جیهانی دانەبڕاوە و حەوت ساڵ لەمەوبەر لە بەرزاییەکانی بۆلیڤیا لەدەرەوەی یاریگەی خۆی شکستێکی هێناوە و لەوکاتەوە تاوەکو ئێستا 13 یارییان لەدەرەوەی یاریگەی خۆیاندا کردووە و دۆڕاندنیان نەبووە.