هۆڵەندا لە یۆهان کرۆیف ئارینا میوانداریی ئەڵمانیا دەکات

ئەگەر لە ئەوروپا بەدوای مێژوو و تۆڵەدا بگەڕێین، راستەوخۆ ناوی ئەڵمانیا و هۆڵەندا دەکەوێتە بەرچاومان، ئەم دوو وڵاتە هاوسێیە، لە زۆر بابەتدا هاوڕا و نزیکن، تەنیا لە تۆپی پێدا نەبێت، کە هەریەکەیان خاوەنی قوتابخانەیەکی جیاوازە و لەگەڵ ئەوی دیکەدا یەکناگرێتەوە، ئەمشەویش لەچێوەی یارییەکانی گەڕی دووەمی قۆناغی کۆمەڵەکانی نەیشنزلیگ، پرتەقاڵی و سپی جارێکی دیکە بەریەکدەکەون.

هۆڵەندییەکان هەمیشە ئەڵمان بە رکابەری مێژوویی خۆیان دەزانن و پێچەوانەکەشی هەر راستە، چیرۆکی کێبڕکێی نێوان ئەم دوو هەڵبژاردەیە بۆ فاینەڵی مۆندیالی 1974 دەگەڕێتەوە، کاتێک گێرد مولەر و هاوڕێکانی یۆهان کرۆیفیان لە یەکەم ناسناوی مۆندیال بێبەشکرد، دوای دەیان ساڵ چاوەڕوانی، ئاشەهەواییەکانی هۆڵەندا لە یۆرۆی 1988 لەسەردەمی ڤان باستن و گولیێتدا تۆڵەی خۆیانکردەوە، ئەمجارەش هەردوو هەڵبژاردەکە لە نەیشنزلیگ سەرکەوتنیان بە ئەنجامی پێنج گۆڵ بەدەستهێناوە و رووبەڕوودەبنەوە.

هۆڵەندییەکان لەگەڵ کومان بەرەوپێشچوونی زۆیان بەخۆیانەوە بینیوە، هەنگاوەکانیان بۆ ئەوەیە تاوەکو گەیشتن بە مۆندیالی 2026 پێکهاتەیەکی تێروتەسەل بونیادبنێن، ئەگەر ئەمشەو لە یۆهان کرۆیف ئارینا بەرامبەر ئەڵمانیا سەرکەوتووبن، پاڵنەرێکی بەهێزتریان دەبێت و متمانەبەخۆبوونیشیان زیاد دەکات.

لەبەرامبەردا، مەکینەکانی ئەڵمانیا، دوای شکستیان لە یۆرۆی 2024، و وازهێنانی کرووس و مولەر و گۆندوگان و نۆیەر، هەوڵی جولیان ناگیلسمانی گەنجەراهێنەری هەڵبژاردەکە بۆ ئەوەیە کە پێکهاتەیەکی هاوشێوەی خۆی گەنج بونیادبنێت، لەسەرەتا 14 یاریشیدا هەشت بردنەوەی بەدەستهێناوە و بۆ گرتنی لوتکەی کۆمەڵەی سێیەم هەموو هەولێک بۆ سێ خاڵی یارییەکە دەدەن.