دەرمانێکی باو دوو هێندە مەترسیی تووشبوون بە شەکرە زیاددەکات

دەرمانەکە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییە دژەخۆبەرگرییەکان بەکاردەهێنرێت

لە توێژینەوەیەکی نوێی کۆمەڵەی ئەورووپی بۆ توێژینەوە لە نەخۆشیی شەکرە دەرکەوتووە، ئەو کەسانەی دەرمانی ستیرۆید بەکاردەهێنن دوو هێندە ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشیی شەکرەی جۆری دوو زیاترە.

لە تویژیەنەوەکەدا دەرکەوتووە، ئەو کەسانەی بەهۆی نەخۆشی یان هۆکارێکی دیکەوە، لەڕێگەی حەب یان دەرزییەوە دەرمانی ستیرۆید (یان کۆرتیزۆن) بەکاردەهێنن، 2.6 هێندە ئەگەری تووشبوونیان بە شەکرەی جۆری دوو زیاترە.

ستیرۆید دەرمانێکە لە چارەسەرکردنی نەخۆشییە دژەخۆبەرگرییەکاندا بەکاردەهێنرێت و کار لەسەر کەمکردنەوەی هەوکردن لە جەستەدا دەکات، ئەو نەخۆشییانەی کە دەرمانەکەیان تێدا بەکاردەهێنرێت بریتیینلە: رەبۆ، رۆماتیزم، شێرپەنجە و نەخۆشیی هەوکردنی درێژخایەنی ریخۆلەکان.

بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەکە، پزیشکانی بەریتانیا داتای زیاتر لە 450 هەزار کەسیان هەڵسەنگاند کە لەنێوان ساڵی 2013 بۆ 2023 سەردانی نەخۆشخانەیان کردبوو، بەشێک لەم چارەخوازانە دەرمانی ستیرۆیدیان وەردەگرت و بەشێکی دیکەیان وەریاننەدەگرت، هیچکام لە بەشداربووان خۆیان نەخۆشیی شەکرەیان نەبووە.

ئەنجامی توێژینەوەکە بەم شێوازە بوو: ئەو چارەخوازانەی دەرمانی ستیرۆیدیان وەردەگرت، 2%ـیان تووشی شەکرەی جۆری دوو بوون، کەمتر لە 1%ـی ئەوانەی دەرمانەکەیان وەرنەدەگرت تووشی نەخۆشییەکە بوون، پاش ئەوەی تەمەن و رەگەزی چارەخوازان هەڵسەنگاندنی بۆ کرا، پسپۆران بۆیان دەرکەوت کە دەرمانەکە 2.6 هێندە مەترسیی شەکرەی جۆری دوو زیاددەکات.

یەکێک لە کاریگەرییەکانی دەرمانەکە، بەرزکردنەوەی رێژەی شەکرە لە خوێندا، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی دەرمانەکە بەرگریی خانەکان بۆ ئسنۆلین بەرزدەکاتەوە. ئەنجامەکانی ئەم توێژینەوەیە ئەوە دەردەخەن کە بەرزبوونەوەی رێژەی شەکر لە بەکارهێنانی دەرمانەکەدا کاریگەریی درێژخایەنی دەبێت و سەرئەنجام ئەگەری تووشبوونی بەکارهێنەری دەرمانەکە بە شەکرە دووهێندەدەکات.