سستبوونی دڵ، نەخۆشییەکە تێیدا دڵ ناتوانێت وەکو پێویست پاڵ بە خوێنەوە بنێت و بینێرێت بۆ بەشەکانی جەستە.
بۆ وەرگرتنی زانیاری لەسەر نەخۆشییەکە، هۆکارەکانی تووشبوون و رێگەکانی چارەسەر، کەناڵ8 گفتوگۆی د. رێدوان جەزا، پسپۆڕی هەناوی و نەخۆشییەکانی دڵ کردووە.
سستبوونی دڵ چەند جۆری هەیە؟
د. رێدوان جەزا روونکردنەوەی لەسەر جۆرەکانی سستبوونی دڵدا و گوتی: "دوو جۆر سستبوونی دڵ هەن. یەکێکیان ئەوەیە کە دیوارەکانی دڵ هێزی تەواویان نەماوە، ئەمەش وادەکات کە دڵ نەتوانێت بەباشی ئەو خوێنە پڕ ئۆکسجینەی لە سییەکانەوە دەگەڕێتەوە، پاڵبنێت و بینێرێت بۆ بەشەکانی جەستە. جۆرێکی دیکەی سستبوونی دڵ هەیە کە دیوارەکانی دڵ رەقدەبن، ئەمەش وادەکات کە نەتوانن بەباشی بکشێن. کاتێک دیوارەکانی دڵ ناکشێن، بەتەواوی پڕنابێت لە خوێن، بەمەش خوێنی پێویستی تێدانابێت تاوەکو بینێر بۆ بەشەکانی جەستە"
سستبوونی دڵ زیادیکردووە؟
بەگوێرەی گوتەکانی پزیشکەکەی دڵ، سستبوونی دڵ نەخۆشییەکانی باوە "نزیکەی %3 بۆ %8ـی خەڵکی جیهان تووشی ئەم نەخۆشییە دەبن. ئەگەر بێتوو ژمارەی ئەو کەسانە وەربگرین کە ئێستا لە جیهاندا سستبوونی دڵیان هەیە، دەبینین کە ژمارەکە زیادیکردووە. بەڵام رێژەی ئەو کەسانەی کە تووشی سستبوونی دڵ دەبن، کەمیکردووە"
بە دەربڕینێکی دیکە، ژمارەی حاڵەتە نوێیەکانی سستبوونی دڵ روو لە کەمبوونە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەو کەسانەی تووشی سستبوونی دڵ دەبن چارەسەری باشتریان پێشکەش دەکرێت، زیاتر لە ژیاندا دەمێننەوە. ئەمەش وادەکات ژمارەی ئەو کەسانەی تووشی نەخۆشییەکە دەبن، زیاتر بێت لە ئەوانەی کە بەهۆی نەخۆشییەکەوە گیانلەدەستدەدەن، بەم شێوازە ژمارەی ئەوانەی لە ژیاندان و سستبوونی دڵیان هەیە زیاددەکات.
نیشانەکانی سستبوونی دڵ چین؟
ئەوانەی تووشی سستبوونی دڵ دەبن، دەکرێت چەندین نیشانەیان لێ دەربکەوێت.
"چارەخواز دێت دەڵێت دکتۆر ماوەیەکە هەستدەکەم قاچم ئاوساوە و پێڵاوەکانم بچووکبوونەوە، کاتێک زۆر دەجووڵێم یان بەسەر پلیکانەدا دەڕۆم هەناسەم توند دەبێت، یان هەندێجار چارەخوازەکە کۆکەی وشکی دەبێت"
د. رێدوان جەزا، پسپۆڕی هەناوی و نەخۆشییەکانی دڵ
جگە لە ئەم نیشانانە، دەکرێت تووشبووی سستبوونی دڵ خیزەی سنگی هەبێت و لێدانی دڵی خێرا و ناڕێک بێت، هەروەها هەست بە ماندوویەتی و شەکەتی بکات.
سستبوونی دڵ چۆن دەستنیشاندەکرێت؟
پزیشکەکەی دڵ گوتی "کەسێک کە گومانی سستبوونی دڵی لێبکرێت، دەبێت چەندین پشکنینی جۆراوجۆری بۆ بکرێت، بەڵام ئەوەی لە هەموو پشکنینەکان گرنگترە بۆ دیاریکردنی نەخۆشییەکە، ئیکۆکاردیۆگرافییە، ئەوەی لەناو خەڵکدا بە سۆناری دڵ ناسراوە" د. رێدوان بەردەوام بوو و ئاماژەی بەوە دا کە "کاتێک ئەنجامی پشکنینی ئیکۆ بە چارەخواز دەڵێنن، ژمارەیەکی پێدەڵێین، بۆنموونە دەگوترێت هێزی دڵت 40ـە. نابێت چارەخواز ئەمە لەگەڵ ژمارەی لێدانەکانی دڵ تێکەڵبکات. هێزی دڵ و خێرایی لێدانی دڵ دوو شتی جیاوازن"
سستبوونی دڵ چۆن چارەسەردەکرێت؟
چەندین رێگەی جۆراوجۆر هەن بۆ چارەسەرکردنی سستبوونی دڵ، کە بەگوێرەی ئاستی نەخۆشییەکە و چارەخوازەکە دەگۆڕێت. چارەسەرەکان دەکرێت بە دەرمان، دانانی پاتری بۆ رێکخستنەوەی کارەبا و هێزی دڵ، یانیش لەڕێگەی گۆڕنی دڵەوە دەکرێت