سەرچاوەیەک: وادەی بڵاوکردنەوەی GTA 6 بۆ 2026 دوادەخرێت

بەگوێرەی کۆمەڵێک زانیاری دزەپێکراو، پێشبینی دەکرێت وادەی بڵاوبوونەوەی یاری ئەلیکترۆنی Grand Theft Auto VI بۆ ساڵی 2026 دوابکەوێت. زانیارییەکان لە لایەن کەسێک بە ناوی (لیام) لە ماڵپەری ( جی تی ئەی بەیسە)وە بڵاوکراوەتەوە، کە پێشتریش ترەیلەری یارییەکەی زووتر لە وادەی خۆی ئاشکراکرد، ئێستاش پێشنیاری ئەوە دەکات، کە وادەی بڵاوکردنەوەی یارییەکە، بۆ ساڵی 2026 دوابکەوێت.

دەنگۆکان باسلەوە دەکەن هۆکاری دواکەوتنەکە بۆ ئەوە دەگەرێتەوە، گەشپێدەرانی یارییەکە پێویستیان بە کاتی زیاترە بۆ تەواوکردنی یارییەکە، بۆئەوەی لە سەرەتا یاخود ناوەڕاستی ساڵی 2026 دوادەکەوێت.

کۆمپانیای رۆکستار گەیمس، پلانی دانابوو وەشانی یاریی GTA 6 بۆ ئامێرەکانی یاریکردن لە کۆتایی ساڵی 2025 بڵاوبکاتەوە، بەڵام ئەگەر ئەم دواکەوتنە رووبدات، دەبێت گەیمەران و هەوادارانی یاری GTA 6 ساڵێک زیاتر چاوەڕوانبکەن.

سەرەڕای ئەوەش زانیارییەکان ئاماژە بەوەدەکەن، وەشانی کۆمپیوتەری یارییەکە دوای ( 12 بۆ 18) مانگ دوای وەشانی ئامێرەکانی یاریکردن بڵاودەکرێتەوە، ئەمەش بەو مانایەدێت، وەشانی کۆمپیوتەری یاریەکە دەگاتە ساڵی 2027. هەرچەندە تاوەکو ئێستا کۆمپانیای رۆکستار گەیمز هیچکام لە زانیارییەکانی پشتراست نەکردووەتوە.