مێمفس دیپای، هێرشبەری هۆڵەندی و پێشووی یانەی ئەتلەتیکۆ مەدرید و بەرشلۆنە، دوای ئەوەی لەگەڵ هیچ یانەیەکی ئەوروپی نەگەیشتە ئەنجام، بەم نزیکانە پەیوەندی بە یانەی کۆرنتیانزی بەڕازیلییەوە دەکات.
یانە بەڕازیلییەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە وێنەیەکی دیپای بڵاوکردووەتەوە، کە درێسی یانەی کۆرنتیانزی بەدەستەوەیە و چاوپێکەوتن لەگەڵ یەکێک لە بەرپرسانی یانەکەی بەڕازیل ئەنجامدەدات.
دیپای تەمەنی 30 ساڵە و لە یۆرۆی 2024 بەدرێسی هۆڵەنداوە یاریکرد، دوای یاریکردنیشی بۆ کۆرنتیانز، دەبێتە یەکەمین یاریزانی هۆڵەندی کە بۆ یانەکەی بەڕازیل یاریی کردبێت.
بەگوێرەی زانیاریی میدیا وەرزشییەکانی وڵاتی بەڕازیل، هێرشبەرەکەی هۆڵەندا تەواوی پشکنینە پزیشکییەکانی بەسەرکەوتوویی تێپەڕاندووە و لەم هەفتەیەدا دەگاتە شاری ساوپاولۆ بۆ واژۆکردنی گرێبەستەکەی بەفەرمی.