مانچێستەر یونایتد سەڕەرای ئەوەی لە بارودۆخێکی دارایی باشدایە و لەسەدا 70ی پشکەکانی یانەکە لەلایەن سێر جیم رادکلیفی ملیاردێری بەریتانییەوە خاوەندارێتی دەکرێت، بەڵام یانەکە ماوەی سێ ساڵە زیانێکی دارایی گەورە تۆماردەکات
هەندێک یانەی خولە گەورەکانی ئەوروپا بەدەست قەیرانی دارایی قوڵەوە دەناڵێنن، مانچێستەر یونایتدیش وەک یەکێک لە دەوڵەمەندترین یانەکانی جیهان دەردەکەوێت و ئەو یانەیەش لەرووی داراییەوە زیانی بەرکەوتووە، هەرچەندە زیانەکانیان هێندەی یانەکانی دیکە نییە.
شەیتانە سوورەکان لە وەرزی نوێ تاوەکو ئێستا 113.2 ملیۆن پاوەند زیانیان بەرکەوتووە، لە کاتێكدا لە وەرزی 2021-2022 بڕی 115.5 ملیۆن پاوەند و وەرزی 2022-2023 بڕی 42 ملیۆن پاوەند زیانیان هەبووە.
ئەمە لە کاتێکدا بەپێی یاسای پرێمەرلیگ، نابێت هیج یانەیەک لە ماوەی سێ وەرز لە 105 ملیۆن پاوەند زیاتر زیانی دارایی کردبێت، هەمان یاساش بەسەر تیمەکانی لاوان و خانماندا جێبەجێ دەبێت.
ساڵی رابردوو یانەکانی ئێڤەرتۆن و نۆتیگهام فۆرست بەهۆی قەیرانی دارایی و شکستی سپۆنسەرەکانییانەوە ژمارەی خاڵەکانیان لە ریزبەندیی یانەکان کەمکرایەوە.
لەم وەرزەشدا مان یونایتد، لەگەڵرۆیشتنی بەشێک لە یاریزانەکانیان 103 ملیۆن پاوەند قازانجیان کردووە، لەبەرامبەردا 214 ملیۆن پاوەندیان لە هێنانی یاریزاندا خەرجکردووە، لەم نێوەندەدا 111 ملیۆن پاوەند لە زەرەردابوون، ئەگەر یاساکانیش بەسەریاندا جێبەجێبکرێت، یانەکە دەکەوێتە ژێر سزاوە.