لە کۆتاییدا خەونی هاتنی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بووە راستی بۆ هاندەرانی عێراق و کوردستانیش، کریستیانۆ و هاوڕێکانی لە یانەی نەسڕەوە بۆ یارییەک دێن بۆ شاری بەغداد.
ساڵی رابردوو، دوای هاتنی کەریم بنزیمە و ئێنگۆلۆ کانتێ لەگەڵ یانەی ئیتیحاد بۆ شاری هەولێر، کریستیانۆ رۆناڵدۆش لەگەڵ نەسڕی سعودی بۆ یارییەک لە خولی بژاردەی پالەوانانی ئاسیا دێتە شاری بەغداد بۆ رووبەڕووبونەوەی یانەی شوڕتەی عێراقی.
یانەی شوڕتە دوو یاریزانی کوردی هەیە بە ناوی ئاکام هاشم و ئەحمەد زیرۆ، بۆیە ئەم رووبەڕووبونەوەیەی یانەی شوڕتە و یانەی نەسڕ دەبێتە رووداوێکی مێژوویی.
هاوکات یانەی شوڕتەش بە هاوبەشی لەگەڵ چەند کۆمپانیایەک، بلیتەکان لە چەند شارێکی جیاواز بەردەستدەخات بۆ هاندەران، وەک بەسڕە و بەغداد و هەولێریش بەردەستدەبن، هاندەرە کوردەکانیش هەلی ئەوەیان دەبێت کریستیانۆ و هاوڕێکانی لە نزیکەوە ببینن.
پێشبینیش دەکرێت نرخی بلیتەکان لە 15 هەزار و 25 هەزار دیناری عێراقی دەستپێبکەن، ئەوانەشی شوێنی ڤی ئای پین پێشبینی دەکرێت نرخیان لە نێوان 50 بۆ 70 هەزار دیناری عێراقی بن، یارییەکەش لە یاریگەی مەدینە ئەنجامدەدرێت، کە پێشتر لە یاریگەی کەربەلای نێودەوڵەتی دانرابوو، بەڵام لەسەر داوای یانەی نەسڕ گواسترایەوە بۆ مەدینە لە شاری بەغداد.