شەکرە، ئەگەر کۆنترۆڵنەکرێت، دەکرێت نەخۆشییەکی مەترسیدار بێت. هەرچەندە هێشتا ناتوانرێت بەیەکجاری چارەسەری نەخۆشییەکە بکرێت، بەڵام لەڕێگەی دەرمان و دەرزیی ئنسۆلینەوە کۆنترۆڵدەکرێت و تووشبووانی شەکرە دەتوانن ژیانێکی تەندروستانە و درێژ بژین.
یەکێک لە سەرەکیترین ئەو گرفتانەی رووبەڕووی پزیشکان دەبێتەوە، پابەندنەبوونی چارەخوازانە بە وەرگرتنی دەرمانەکانیانەوە. چونکە کاتێک چارەخواز رۆژێک یان چەند رۆژێک دەرزیی ئنسۆلین بەکارناهێنێت، رێژەی شەکری خوێنی بەرزدەبێتەوە و دەکرێت تووشی ماکی توند ببێت.
کاتێک پزیشک خۆی دەخاتە شوێنی چارەخوازەکەی، تا ئاستێک تێدەگات کە چەند ناخۆشە رۆژانە چەند جارێک دەرزیی ئنسۆلین بەکاربهێنرێت.
پسپۆڕان جۆرێک لە ئنسۆلینیان بەرهەمهێناوە کە دەکرێت کێشەی تووشبووانی شەکرە چارەسەربکات و رێگەیان پێدەدات هەفتانە تەنیا یەکجار دەرزیی ئنسۆلین بەکاربهێنن.
تاوەکو ئێستا ئەم جۆرەی ئنسۆلین بە چەند تاقیکردنەوەیەکدا تێپەڕبووە و دەرکەوتووە کە لە رووی سەلامەتییەوە هاوشێوەی ئەو ئنسۆلینانەیە کە رۆژانە بەکاردەهێنرێن.
پەرەپێدەرانی جۆرە نوێکەی ئنسۆلین باس لەوە دەکەن کە ئەم جۆرە بۆ تووشبووانی هەردوو نەخۆشیی جۆری یەکەم و دووەمی شەکرە سوودی دەبێت.
شەکرە، نەخۆشییەکی باوە و لە جیهاندا زیاتر لە 500 ملیۆن کەس بەدەستیەوە دەناڵێنن. تووشبووانی نەخۆشییەکە یان گرفتی کەمیی ئنسۆلینیان دەبێت، یانیش خانەکانیان بەرگریی بۆ ئنسۆلین پەیدادەکەن. بە دەربڕینێکی دیکە، گرنگ نییە رێژەی ئنسۆلین لەناو خوێنی کەسەکەدا چەندە، خانەکان هیچ وەڵامێکیان بۆ نابێت، بەمەش رێژەی شەکری ناو خوێن بەرزدەبێتەوە.