ئەنفلۆنزای باڵندە و ئێمپۆکس دەریدەخەن کە وانەیەکی ئەوتۆ لە کۆڤیدەوە فێرنەبووین

کرێکارێکی کێڵگەیەکی پەلەوەری لە ئەمریکا

لە راپۆرتێکی نوێی گۆڤاری فاینەنشڵ تایمزی ئەمریکیدا هاتووە، بەپێی ئەو ئامادەکاری و هەنگاوانەی ئێستا بێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەنفلۆنزای باڵندە و ئێمپۆکس دەریدەخەن، وانەیەکی کەم لە کۆڤیدەوە فێربووین.

ساڵی رابردوو پەتای کۆڤید بەشێوەیەکی فەرمی دانیپێدانرا کە چیدی وەکو پەتایەکی جیهانی مەترسیی نییە، لەو کاتەوە، گەورەترین پەتای ئەنفلۆنزای باڵندە لە مێژووی وڵاتەکەدا سەریهەڵداوە. لە لایەکی دیکەوە، لە مانگی ئابی ئەمساڵدا رێکخراوی تەندروستیی جیهانی پەتای ئێمپۆکسی (پێشتر پێی دەگوترا ئاوڵەی مەیموون) وەکو مەترسییەکی کتوپڕ لەسەر جیهان لەقەڵەمدا، ئەمەش بەهۆی خێرایی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە لە کیشوەری ئەفریقادا.

پسپۆڕانی تەندروستیی  کۆمەڵگە لە هەڵمەتی وڵاتان و رێکخراوە جیهانییەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پەتاکە نیگەرانن. د. سکۆت گۆتلیب کە پێشتر ئەندامی لیژنەی رێکخراوی خۆراک و دەرمانی ئەمریکا بووە، یەکێکە لەو پسپۆڕانە، ئەو دەڵێت "دەبوایە وانە لە کۆڤیدەوە فێربین و لەگەڵ سەرهەڵدانێکی هەر پەتایەکی ناوچەیی دەستبەجێ دەست بە رێکارە تەندروستییەکان بکەین، بەڵام ئەمە دوو جار بەسەرماندا تێبپەڕێت و هێشتا وانەکانی کۆڤید پەیڕەوناکەین"، لە درێژەی قسەکانیدا د. گۆتلیب ئاماژە بەوە دەکات، هەرچەندە ئەگەری گواستنەوەی ئەنفلۆنزای باڵندە لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ کەمە، هەروەها پەتای ئێمپۆکسیش تەنیا لەڕێگەی بەرکەوتنی پێست و شلەکانی جەستەوە دەگوازرێتەوە، مەترسییەکی ئەوتۆ بۆ تەندروستیی جیهان دروستناکەن، بەڵام ئەو سێ هەنگاوەی کە بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆڤید گرتمانەبەر -بە‌هێزکردنی تەندروستیی کۆمەڵگە، پشکنین و پێدانی ڤاکسین – زۆر گوێمان پێنەداوە و بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم دوو پەتا نوێیەی جیهان بە هێواشی دەستمان بە هەنگاوەکان کردووە.

دەبوایە وانە لە کۆڤیدەوە فێربین و لەگەڵ سەرهەڵدانێکی هەر پەتایەکی ناوچەیی دەستبەجێ دەست بە رێکارە تەندروستییەکان بکەین

د. سکۆت گۆتلیب، ئەندامی پێشووی لیژنەی رێکخراوی خۆراک و دەرمانی ئەمریکا

گۆڕانکارییە ژینگەییەکان یەکێکن لەو هۆکارانەی گواستنەوەی پەتاکان ئاسانتردەکەن، لەگەڵ خێرابوونی گۆڕانەکانیشەوە، ئەگەری سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی پەتا مەترسیدارەکان زۆرە.

هەندێک ناوچە و وڵات بەباشی مامەڵەیان لەگەڵ دۆخەکە کردووە

وەڵامدانەوەکانی جیهان بۆ بڵاوبوونەوەی پەتاکان وەکو یەک نین. ئەگەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە نموونە وەربگیرێن، لە ویلایەتێکەوە بۆ ویلایەتێکی دیکە جیاواز مامەڵە لەگەڵ ئەنفلۆنزای باڵندەدا دەکەن. بە‌هێزترین وەڵامدانەوە و رووبەڕووبوونەوەی پەتاکە تاوەکو ئێستا لە ویلایەتی مینیسۆتا بووە؛ پاش ئەوەی ئەنفلۆنزای باڵندە لە هەشت کێڵگەی وڵاتەکەدا بڵاودەبێتەوە، بەرپرسانی ویلایەتەکە بە توندی هەوڵی وەڵامدانەوەی پەتاکە دەدەن و زیاتر لە هەموو ویلایەتەکانی دیکەی ئەمریکا پشکنین بۆ ئاژەڵان دەکەن، تەنانەت بۆ رێگریکردن لە هاتنی باڵندە کێوییەکان بۆ کێڵگە ئاژەڵییەکان (باڵندە کێوییەکان هۆکارێکی سەرەکی بڵاوبوونەوەی ئەنفلۆنزای باڵندەن)، لەیزەری تایبەتیان بەکارهێناوە.

تایلاند یەکێکە لەو وڵاتانەی بە خێرایی مامەڵەی لەگەڵ بارودۆخەکەدا کرد، پاش ئەوەی حاڵەتێکی جۆرە نوێیەکەی ئاوڵەی مەیموون دیاریدەکرێت، دەستبەجێ دەستیان بە پشکنینی هەموو ئەو گەشتیارانە کرد کە لەو 42 وڵاتەوە دەهاتن کە نەخۆشییەکەیان تێدا بڵاوبووبووەوە. پاش ئەوەی کەسە تووشبووەکە گومانی تووشبوون بە نەخۆشییەکەی لێدەکرێت، بەرپرسانی تەندروستیی وڵاتەکە دۆخەکە بە جددی وەردەگرن و پاش دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە لەماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا هەموو ئەنجامە تاقیگەییەکان و هەموو پێکهاتە بۆماوەییەکانی ڤایرۆسەکەیان ئاشکراکرد.

تەکنەلۆجیا چۆن یارمەتیدەرمان دەبێت؟

لەم نێوەندەدا تەکنەلۆجیا رۆڵێکی ئومێدبەخشی هەیە، ئێستا بەهۆی تەکنەلۆجیای دروستکردنی ڤاکسینی mRNA ـەوە، ڤاکسینەکان خێراتر و کاریگەرترن، بەم شێوەیەش رووبەڕووبوونەوەی پەتا جیهانییەکان لە داهاتوودا تاڕاددەیەک ئاسانترە لە جاران. لە هەمانکاتدا ئێستا هەندێک رێکخراوی قازانجنەویست سەرقاڵی کۆکردنەوەی پاڵپشتیی دارایین بۆ دروستکردن و پەرەپێدانی ڤاکسین دژی ئەو ڤایرۆس و بەکتریایانەی کە دەکرێت لە داهاتوودا ببنە پەتای جیهانی.