ئەمڕۆ گەشتی یانەکانی پرێمەرلیگ دەستپێدەکاتەوە، لە هەفتەی چوارەمی خولەکەشدا مانچێستەر سیتی لە یاریگەی ئیتیحاد میوانداریی برێنتفۆرد دەکات.
سیتی لە سێ هەفتەی دەستپێکی خولەکە سەرکەوتنی بەرامبەر چێڵسی، ئیپسویچ تاون و وێستهام بەدەستهێنا، بە تۆمارکردنی نۆ گۆڵ و کۆکردنەوەی نۆ خاڵەوە لوتکەی ریزبەندیی پرێمەرلیگی گرتووە.
یانەکەی گواردیۆلا 45 یارییە لە یاریگەی خۆیدا شکستی نەهێناوە، دوایین یانەش کە لەم یاریگەیەدا بەسەریاندا سەرکەوتبێت، رکابەرەکەی ئەمشەوە کە یانەی برێنتفۆردە، کاتێک لەمانگی تشرینی دووەمی 2022 بە ئەنجامی (دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک) شکستیان بە تەکتیکی گواردیۆلا هێنا، بەڵام سیتی لەم وەرزەدا لەبارودۆخێکی جیاوازدایە، چونکە ئێرلینگ هالاند گەڕاوەتەوە سەر رێرەوی گۆڵ و توانیویەتی بە سێ یاری حەوت گۆڵ تۆماربکات، بۆیە چاویان لەوەیە چوارەم سەرکەوتنی لەسەریەک تۆماربکەن.
لە یارییەکی بەهێزی دیکەدا کە رەنگە ریکۆردی مێژوویی تێدا تۆماربکرێت، یانەی لیڤەرپووڵ لەیاریگەی ئانفێڵد رۆدز رووبەڕووی نۆتنگهام فۆرست دەبێتەوە.
لیڤەرپووڵیش هاوشێوەی مان سیتی، لە سێ یاریی دەستپێکی خولەکەدا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە وبە جیاوازیی گۆڵ دەکەوێتە خانەی دووەمی ریزبەندییەوە، بەڵام ئەم وەرزە بۆ هاندەرانی "رێدز" جیاوازە، بەتایبەت دوای ئەوەی محەمەد سەڵاح رایگەیاند، ئەمە کۆتا وەرزیەتی لەو یانەیە.
پێشدەچێت ئارنی سلۆت کەلێنی رۆیشتنی یۆرگن کلۆپ پڕبکاتەوە، بەوپێیەی ناوبراو سێ یاریی دەستپێکی بردووەتەوە، ئەم ریکۆردەش لەماوەی هەشت وەرزدا کلۆپ تەنیا جارێک تۆماریکردووە، هەروەها یەکەمین راهێنەرە لە 2018وە، لەسێ یاریی دەستپێکدا گۆڵی لەسەر تۆمار ناکرێت و ئەگەر ئەمشەو بگاتە چوار یاری، دەبێتە ریکۆردی مێژوویی.