ریال مەدرید گەشت دەکات بۆ هەرێمی باسکیا

راستەوخۆ دوای دەستپێکردنەوەی چالاکییەکانی لالیگا، ریال مەدرید گەشت دەکات بۆ هەرێمی باسکیا و لە یاریگەی ئانوێتا رووبەڕووی ریال سۆسیدادی خانەخوێ دەبێتەوە.

ریال مەدرید لەچوار یاریی دەستپێکی ئەم وەرزەدا هیچ شکستێکی تۆمار نەکردووە، کێشەیان لەوەدایە، کە لەدەرەوەی یاریگەی خۆیان دوو یەکسانبوونیان هێناوە و سەرکەوتنیان نەبووە، بەوەش چوار خاڵ کەوتوونەتە دوای بەرشلۆنەی رکابەری مێژووییان.

ریال مەدرید لە دەرەوەی یاریگەی خۆی دووجار بەرامبەر مایۆرکا و لاس پاڵماس یەکسانبووە، بەڵام لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ بەسەر ڤەلەد وەلید و بێتیسدا سەرکەوتووە، دوای چاوەڕوانیکردنیش بۆ ماوەی سێ یاری، لەکۆتاییدا کیلیان ئێمباپێ بەرامبەر بێتیس خۆی گونجاند و دوو گۆڵی تۆمارکرد.

یانەی شاهانە 31 یارییە نەدۆڕاوە، دوایین دۆڕاندنیان بۆ نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، ئەمشەو ئێمباپێ و هاوڕێکانی هەموو هەوڵێکدەدەن بۆ درێژەدان بەم ریکۆردە، بەتایبەتیش لەم کاتەدا، کە بارودۆخی ریال سۆسیداد وەک ساڵانی رابردوو باش نییە.

تیپەکەی ئیمانوێل ئالگواسێل لەکۆی چوار یاریی لالیگا، دووانی دۆڕاندووە و یەکسانبوونێکیشی هێناوە، گەورەترین کێشەیان لە تۆمارکردنی گۆڵدایە و نەیانتوانیوە لەهیچ یارییەکدا لە گۆڵێک زیاتر تۆماربکەن.

ئەگەر گەڕێکیش بە یارییەکانی رابردوودا بکەین، بۆمان دەردەکەوێت، لەدوایین دوو یاریی ریال مەدرید و سۆسیداد، لە هەردووکیاندا یانەی شاهانە براوەبووە.