ئەمڕۆ یانەی بەرشلۆنە گەشتێکی کورتخایەن ئەنجامدەدات، هەر لەناو هەرێمەکەی خۆیدا لە یاریگەی مۆنتیلیفی دێربی کەتەلۆنیا بەرامبەر جیرۆنای هاوسێی ئەنجامدەدات، بلاوگرانای هانسی فلیک لەم وەرزەدا دەستپێکێکی نموونەیی هەبووە و دوای کۆکردنەوەی 12 خاڵ و گرتنی لوتکەی لالیگا، چاویان لەوەیە لەم یارییەشدا سەرکەوتن بەدەستبهێنن، لەبەرامبەردا یانەی جیرۆنا هاوشێوەی وەرزی رابردوو بەهێز نەبووە و خاوەنی خانەی پێنجەمن بە کۆکردنەوەی تەنیا حەوت خاڵ.
دوای شکستی بەرشلۆنەی چاڤی لە بەدەستهێنانی ناسناوەکان ، لەم وەرزەدا گووشارەکان لەسەر هانسی فلیک توند و بەهێزن، لە یەکەم وەرزی کارکردنییەوە لە خولی ئیسپانیا داواکراوە ئەنجامەکانی کاریگەربێت و ناسناوەکانیش بەدەستبهێنێت، هەرچەندە فلیک ئەزموونێکی زۆری لە خولەکەدا نییە، بەڵام هاندەرانی یانە کەتەلۆنییەکە متمانەیان پییەتی بەتایبەت دوای ئەوەی بینیان لەسەرەتای وەرزەوە ژیرانە مامەڵە لەگەڵ رکابەرەکانیدا دەکات.
بەرشلۆنە لەم وەرزەدا لەکۆی چوار یاری، چوار سەرکەوتنی بەرامبەر ڤالێنسیا، ئەتلێتیک بیلباو و رایۆ ڤایکانۆ بەدەستهێنا و بە حەوت گۆڵیشی بێوەڵامیش ڤەلەدوەلیدی راماڵیوە، سەرەڕای ئەوەی لەدوایین هەشت یارییدا براوەبوون، بەڵام بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم یارییەدا دەکەن کە بەرامبەر جیرۆنایە و ئەو یانەیەش وەرزی رابردوو لە یاریی چوون و گەڕانەوە بەسەریاندا سەرکەوت.
جیرۆنا لەم وەرزەدا یەکەمجارە بەشداریی چامپیۆنزلیگ دەکات و چەند رۆژی داهاتوو سەردانی پاریس دەکات بۆ رووبەڕووبوونەوەی پاریس، بەر لەو یارییەش بەرامبەر بەرشلۆنە پیویستی بەسەرکەوتنێکی مەعنەوییە تاوەکو بە ورەیەکی بەرزەوە سەردانی فەرەنسا بکات.