نەشتەرگەریی کردنەوەی سنگ بۆ چارەسەری دڵ لە نەشتەرگەرییە گەورە و ئاڵۆزەکانە و کاتێکی زۆری دەوێت بۆ چاکبوونەوە، بۆیە ناوەندە پزیشکییەکان بەردەوام بۆ جێگرەوەی ئەوتۆ دەگەڕێن کە هەمان ئەنجامی دڵخوازی هەبێت و پێویستیش بە کردنەوەی سنگ نەکات. ئێستا لە هەرێمی کوردستان بە گشتی و لە سلێمانی بە تایبەت، بەشێکی بەرچاوی نەشتەرگەرییەکانی دڵ بەبێ کردنەوەی سنگ دەکرێن.
د. عەلا سوبحی، پسپۆڕی نەشتەرگەریی سنگ و دڵ و بۆرییەکانی خوێن لە چاوپێکەوتنێکیدا بۆ کەناڵ8 باسی لە نەشتەرگەرییەکە و پێشکەوتنەکانی بوارەکەی لە سلێمانی کرد، پزیشکەکە چەندنین لایەنی ئومێدبەخشی نەشتەرگەرییەکەی خستەڕوو.
کێن ئەوانەی پێویستیان بە نەشتەرگەریی دڵ هەیە؟
پسپۆڕەکەی نەشتەرگەریی سنگ و دڵ و بۆرییەکانی خوێن سەرەتا گوتی کە نەشتەرگەریی کردنەوەی سنگ کاتێک دەکرێت کە چارەسەرەکانی دیکەی نەخۆشییەکانی دڵ کاریگەرییان نەبێت؛ "بەگشتی بۆ ئەو کەسانەی دەکرێت کە تەسکبوونەوەی بۆرییەکانی خوێنیان هەیە و دانانەوەی بۆریی خوێنیان بۆ دەکرێت، یان گرفتی زمانەکانی دڵیان هەیە، وەکو تەسکبوونەوەی زمانەکان و ناڕێکییە زگماکییەکانی زمانەکانی دڵ، یان دەکرێت نەشتەرگەریی کردنەوەی سنگ بۆ ئەو منداڵانە بکرێت کە گرفتە زگماکییەکانی دڵیان هەیە".
نەشتەرگەریی دڵ پێشتر چۆن دەکرا؟
پسپۆڕەکە باسی لە رێگە کلاسیکییەکەی نەشتەرگەریی کرد و ئاماژەی بەوەکرد، پێشتر نەشتەرگەرییەکە تەنیا لەڕێگەی کردنەوەی سنگەوە دەکرا، ئێسکی قەفەزی سنگ دەکرایەوە و هەموو نەشتەرگەرییەکانی پەیوەست بە دڵ و شاخوێنبەرەوە لەم رێگەیەوە دەکران.
ئێستا چۆن دەکرێت؟
ئێستا بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکانی دڵ تەکنیکێکی نوێ بەکاردەهێنرێت، تەکنیکە نوێیەکە تایبەتمەندە و بەگوێرەی نەشتەرگەرییەکە گۆڕانکاریی تێدا دەکرێت، لەڕێگەی کون یان برینێکی بچووک و بە بەکارهێنانی ناوبین نەشتەرگەریی دڵ دەکرێت.
کامیان باشترە؟
وەکو پسپۆڕەکە ئاماژەی پێدا نەشتەرگەرییە کلاسیکییەکانی دڵ، واتە کردنەوەی سنگ زەبرێکی زۆر بە چارەخوازان دەگەیەنن، بەڵام "بەهۆی ئەوەی کە نەشتەرگەری بە ناوبینی لەڕێگەی کونێکی بچووکەوە دەکرێت ئازاری کەمترە، هەروەها لێکەوتە خراپەکانی کەمترن، بە هەمان هۆکار کەسەکە زووتر دەگەڕێتەوە سەر کار و چالاکییەکانی خۆی، پاش تەنیا سێ هەفتە بۆ مانگێک چارەخوازەکە دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ ژیانی ئاسایی خۆی، بەڵام کردنەوەی سنگ لانیکەم سێ مانگی دەوێت، وەکو کاتی ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکە، هەردووکیان هەمان کات دەخایەنن، لایەنی جوانکاری یەکێکی دیکەیە لە لایەنەکان و دەکرێت کەسێک نەشتەرگەریی دڵ بە ناوبینی بکات و کەسێکی دیکە کە دیبینێت هیچ نیشانەیەک بە جەستەیەوە نەبینیت".
نەشتەرگەرییەکە لە سلێمانی پێشکەوتووە؟
لەبارەی پێشکەوتنی نەشتەرگەرییەکە لە سلێمانی، پسپۆڕەکە گوتی ئێستا پێشکەوتووترین نەشتەرگەرییەکانی دڵ لە سلێمانی دەکرێن و گرنگییەکەشیان لەوەدایە کە لە نەخۆشخانە حکومییەکان ئەنجامدەدرێن.
لە سلێمانی پێشکەوتووترین جۆری نەشتەرگەریی دڵ لە نەخۆشخانە حکومییەکان دەکرێت
د. عەلا سوبحی، پسپۆڕی نەشتەرگەریی سنگ و دڵ و بۆرییەکانی خوێن
د. عەلا سوبحی باسی لە سەرەتای دەستپێکردنیان بە نەشتەرگەرییەکە لە سلێمانی کرد و گوتی "کاتێک چووینە دەرەوەی وڵات بۆ راهێنان لەسەر نەشتەرگەرییەکە و بینیمان ئامێری زۆر پێشکەوتوو هەن ویستمان بیهێنینە کوردستان، بەڵام گرفێکمان ئەوەبوو کە ئامێرەکان زۆر گرانبەهان، ویستمان لە بەشی حکومی ئەم نەشتەرگەرییە دەستپێبکەین، لەوێ کۆمپانیایەکی بەرهەمهێنانی ئەو کەرەستەیانەی بۆ نەشتەرگەرییەکە بەکاردەهێنرێن، کاتێک زانی بۆ نەخۆشخانەیەکی حکومی و قازانجنەویستمان دەوێت کەرەستەکانیان وەکو دیاری پێیانداین، بەشێکی کەرەستەکانیش لەسەر ئەرکی خۆم دابینکران، ئیدی لەکۆتاییدا توانیمان لە سلێمانی بۆ یەکەمجار لە سەنتەرێکی حکومی نەشتەرگەرییەکان دەستپێکەین".