لەچێوەی یارییەکانی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا، یانەی نەسڕ بەبێ کریستیانۆ رۆناڵدۆ، لە نێو یاریگەی مەدینەی شاری بەغداد، رووبەڕووی شوڕتەی عێراقی دەبێتەوە.
دوای ئەوەی بڕیاربوو کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەگەڵ شاندی نەسڕ بەشداری یارییەکە بکات، بەڵما لە دوایین ساتەکاندا یانە سعودییەکە رایگەیاند کە بەهۆی نەخۆشییەوە، دۆنی پۆرتوگال ناتوانێت سەردانی شاری بەغداد بکات، ئەمەش کاردانەوەی هاندەرانی لێکەوتەوە.
پێش یارییکەش لویس کاسترۆ، راهێنەری نەسڕ، لە پرێس کۆنفرانسێکدا بەم شێوازە باسی لە یارییەکەیان بەرامبەر شوڕتە کرد..
تەنانەت بەبێ کریستیانۆ و بەبێ ئایمیریک لاپۆرت، سەرنجمان لەسەر بردنەوەی یارییەکەی ئەمڕۆ و بەدەستهێنانی سێ خاڵی یارییەکەیە، ئێمە تەنیا بیر لەوە دەکەینەوە، دەمانەوێت بە سێ خاڵی ئەم یارییەوە بگەرێینەوە بۆ وڵاتەکەمان.
لویس کاسترۆ، راهێنەری یانەی نەسڕ
هیوام دەخواست کریستیانۆ ئەمڕۆ لەگەڵماندا بووایە، لەبەرئەوەی سەرکردەی تیمەکەیە و هەمیشە بەرپرسیارێتی هەڵدەگرێت، بەداخەوە کە لەگەڵماندا نییە، بەڵام یاریزانەکان هەموو هەوڵیک دەدەین لەپێناو سەرکەوتن و پێشکەشکردنی ئاستێکی باش.
سادیۆ مانێ، یاریزانی یانەی نەسڕ
لە بەرامبەردا، ئەحمەدسەڵاح، راهێنەری یانەی شوڕتە، بەم شێوازە باسی لە یارییەکەیان بەرامبەر نەسڕ کرد...
یانەی نەسڕ خاوەنی کریستیانۆ و چەندین یاریزانی بەناوبانگی دیکەیە کە بۆ هەڵبژاردە بەناوبانگەکان یاریدەکەن و یانەیەکی جیهانین، یانەکانی نەسڕ و هیلال لە هەڵبژاردەی سعودیە بەهێزترن، چونکە یاریزانی ئاست بەرزیان هەیە، ئێمەش شانازی بەوەوە دەکەین کە لەم ئاستەدا یاریدەکەین، لە پاڵەوانێتی عەرەب توانیمان پلەی سێیەم بهێنین.
ئەحمەدسەڵاح، راهێنەری یانەی شوڕتە