وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، وەزارەتەکە هیچ پەیوەندییەکی بە پێدانی فۆرم و دابەشکردنی بەسەر فەرمانبەران و مووچەخۆراندا نییە، هەروەها ئەو رێنماییانەی لەبارەی دابەشکردنی زەوی بڵاوکراوەتەوە لە دەسەڵاتی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارە.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "وەزارەتی دارایی و ئابووری هیچ پەیوەندییەکی بە پێدانی فۆڕم و دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران و مووچەخۆراندا نییە و دوور و نزیک ئێمە بەشێک نین لەو بابەتە."
لە راگەیەندراوی وەزارەتی دارایی ئاماژەبەوەشکراوە، " هەموو ئەو ڕێنمایی و ڕێکار و خاڵبەندییانەی بۆ پێدانی زەوی بۆ فەرمانبەران و خانەنشینان و تەواوی چین و توێژەکان دیاریکراوە لە تایبەتمەندی و دەسەڵاتی وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزاری هەرێمی کوردستانە."
ئەوەشخراوەتەڕوو، "ئەو کەس و لایەنانەی وەزارەتی داراییان بە ڕێگری لە پێدانی فۆڕمی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران و مووچەخۆرانی ڕێکخراوەکان تۆمەتبار کردووە هیچ زانیارییەكیان لە بارەی ڕێكار و شێوازی دابەشكردنی فۆڕمی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا نییە و ڕاستگۆ نەبوون. "