زانیاریى نوێ لەبارەى کۆبوونەوەى شاندى حکومەتى هەرێمى کوردستان و عێراق لە بەغداد

شاندێکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە دوێنێوە لە بەغدادن و ئامانجى سەردانى شاندەکە بۆ رێکارەکانى پەیوەست بە مووچەى خانەنشینى لە کۆبوونەوەدان و لیستى مووچەى مانگى هەشتیان پێ نییە.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتى دارایی و ئابووریى هەرێمى کوردستان بە کەناڵ8ى راگەیاند، "سەردانى شاندەکە پەیوەندیى بە مووچەى مانگى ئابەوە نییە و بۆ بابەتى هاوتاکردنى مووچەى خانەنشینى و تەمەنى خانەنشینى و پاداشتى خانەنشینانە لەکاتى خانەنشینبوونیان".

سەرچاوەکە گوتیشى، "لەکۆبوونەوەکانى ئەمرۆ یەکلایی دەکرێتەوە تەمەنى خانەنشینى لە هەرێمى کوردستان کەمدەکرێتەوە یاخود هەر بە 63 ساڵیى دەمێنێتەوە".

ئەوەشیخستەڕوو، "لەکۆبوونەوەکان شێوازى هاوتاکردنى خانەنشینى پێشمەرگە یەکلایی دەکرێتەوە".

ئەو سەرچاوەیەى وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان ئەوەشى بۆ کەناڵ8 ئاشکراکرد، "چوونى شاندەکە پەیوەست نییە بە مووچەى مانگى ئاب و شاندەکە لیستى مووچەیان نەبردووە، چونکە تاوەکو ئێستا کار لە لیستى مووچە دەکرێت".

ئەوەش لەکاتێکدایە، تەمەنى خانەنشینى لە عێراق بەگوێرەى یاساى ژمارە 9ى ساڵى 2014 بە 60 ساڵ دیاریکراوە، لەکاتێکدا بەگوێرەى یاساى خزمەت و خانەنشینى هەرێمى کوردستان تەمەنى خانەنشینى 63 ساڵە.