برینی ناو دەم لە گرفتە بڵاوەکانە و هۆکارەکانی جۆراو جۆرن، بەشێک لەم برینانە مەترسیدارن و دەکرێت بگۆڕێن بۆ شێرپەنجە. بەشێکی دیکە بەهۆی کەمیی هەندێک رەگەزی خۆراکییەوە، بەشێکی دیکە رۆماتیزم و هەندێکی دیکە نەخۆشیی کۆئەندامی هەرس. پزیشکانی ددان پشکنین بۆ برینەکان دەکات و لە ئەگەری مەترسیدارییاندا نموونەیان لێوەردەگرێت بۆ پشکنین یان بە نەشتەرگەری لایاندەبات.
د. رێژین کاوە، پزیشکی نەشتەرگەریی شەویلگە و روو لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵ٨ باسی لە هۆکارەکانی برینی ناو دەم و شێرپەنجەی دەم کرد و چەند هۆکارێکی باوی خستەڕوو کە مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەکە زیاددەکەن.
لەبارەی دروستبوونی خانە شێرپەنجەییەکان لەناو دەمدا، د. رێژین ئاماژەی بەوە کرد کە دەم وەکو هەر بەشێکی دیکەی جەستە لە خانە و شانە پێکدێت و زۆرترین بەرکەوتنی لەگەڵ ژینگەی دەرەوەدا هەیە. وەکو پسپۆڕەکە گوتی، دەم لە چەند بەشێکی جیاواز پێکدێت و دەکرێت هەر بەشێکیان تووشی شێرپەنجە ببن، لەوانەش رووپۆشی ناودەم، ماسولکەکان، لیکەڕژێنەکان و ئێسکەکانی شەویلگە.
شێرپەنجەی دەم بڵاوە؟
بەگوێرەی گوتەکانی پزیشکەکە، شێرپەنجەی دەم یەکێکە لە بڵاوترین شێرپەنجەکان لە جیهاندا، بەڵام رێژەی تووشبوون بەپێی ناوچە، کولتوور و شێوازی ژیانی وڵاتان دەگۆڕێت؛ "لە وڵاتێکی وەکو هیندستان شێرپەنجەکە سێیەم باوترین جۆری شێرپەنجەیە".
هۆکارەکانی تووشبوون بە شێرپەنجەکە چین؟
لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا، پزیشکەکەی نەشتەرگەریی شەویلگە و روو ئاماژەی بەوە کرد، وەکو زۆرێک لە شێرپەنجەکانی دیکە، بەشێکی سەرەکیی هۆکاری تووشبوون بە شێرپەنجەی ناودەم دەگەڕێتەوە بۆ هۆکارە بۆماوەییەکان، بەڵام هۆکارە ژینگەییەکانیش رۆڵێکی بەرچاو دەگێڕن؛ "نیکۆتین بە هەموو جۆرەکانییەوە، خواردنەوەی کحول، زۆر خواردن و بەکارهێنانی بەهاراتەکان بەتایبەت بەهاراتە توونەکان، خواردن و خواردنەوە گەرمەکان بۆ نموونە چای گەرم، واتا هەر هۆکارێک ببێتەهۆی تێکدانی ژینگەی خانەکان و لەناوچوونیان و دووبارە دروستبوونەوەیان، مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی دەم زیاددەکەن".
خواردنەوەی چای گەرم مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی ناو دەم زیاددەکات
د. رێژین کاوە، پزیشکی نەشتەرگەریی شەویلگە و روو
نیشانەکانی شێرپەنجەی دەم چین؟
د. رێژین کاوە دەڵێت زۆرجار شێرپەنجەی دەم وەکو برینێک دەردەکەوێت کە درەنگ چاکدەبێتەوە، بەڵام نیشانەکان بەگوێرەی شوێنی شێرپەنجەکە دەگۆڕێن، بۆ نموونە ئەگەر بووەهۆی گیرانی لیکەڕژێنێک دەکرێت کەسەکە تووشی ئازار ببێت.
شێرپەنجەکە چۆن چارەسەر دەکرێت؟
پزیشکەکە گوتی، لەبەر ئەوەی شێرپەنجەی دەم چەند جۆر و قۆناغێکی هەیە، بەگوێرەی جۆرەکان چارەسەردەکرێت، چارەسەرەکانیش دەکرێت نەشتەرگەری، چارەسەری کیمیایی یان چارەسەر بە تیشک بن. سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکەش، د. رێژین گوتی شێرپەنجەی لیکەڕژێنەکان بڵاوبوونەوەیان قورسە، بەڵام شێرپەنجەی رووپۆشی دەم بڵاوبوونەوەی ئاسانە.
هەر برینێکی دەم زیاتر لە 10 بۆ 14 رۆژ مایەوە دەبێت پشکنینی شانەزانی بۆ بکرێت
د. رێژین کاوە، پزیشکی نەشتەرگەریی شەویلگە و روو
رێنماییەک لە پزیشکێکی نەشتەرگەریی شەویلگە و رووەوە بۆ هاونیشتمانییان
یەکێک لەو رێنماییانەی پزیشکەکە زۆر جەختیکردەوە لەسەری، سەردانکردنی پزیشکی پسپۆری ددان بوو؛ "هەندێک چارەخواز درەنگ دێت بۆلای پزیشک و تاوەکو دەیبینین قۆناغی شێرپەنجەکەی پێشکەوتووە، ئەمە هەڵەیە و دەبێت پاش دوو هەفتە لە چاکنەبوونەوەی هەر برینێکی دەم سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکرێت".