ئەمشەو لە یاریگەی ئیتیحاد، یانەی مانچێستەر سیتی بە یارییەکی بەهێز بەرامبەر ئینتەرمیلان، گەشتی ئەم وەرزە لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا دەستپێدەکات.
مان سیتی لەم وەرزەدا بەشێوەیەکی نموونەیی دەستیپێکردووە و لەچوار یاریی دەستپێکی پرێمەرلیگ 12 خاڵی تەواوی کۆکردووەتەوە، لەم یارییەشدا رۆدری ئەستێرەی ئیسپانی بۆ یەکەمجار دەگەڕێتەوە و هاوشانی ئێرلینگ هالاندی هێرشبەری نەوریجی بەشداری دەکات، کە لەم وەرزەدا تەڕووشکی لە پرێمەرلیگ راماڵیوە.
هالاند لەسەرەتای وەرزەوە نۆ گۆڵی تۆمارکردووە و چامپیۆنزلیگیش یەکێکە لە خولە خوازیارەکانی، بەوپێیەی لە 39 یاریدا یاریکردووە و خاوەنی 41 گۆڵە.
خستنی سیتی لە یاریگەی خۆیدا هەرگیز ئاسان نییە، یانەکە 46 یارییە لەنێو یاریگەی خۆیدا تامی شکستی نەکردووە، بەڵام ئەوەی بۆ ئینتەر میلان دەبێتە هیوا، زۆری یارییەکانی سیتی و ماندوبوونی یاریزنەکانییەتی،کە لەماوەی حەوت رۆژی داهاتوودا سێ یاری لە سێ خولی جیاواز ئەنجامدەدات.
رکابەرەکەشی کە ئینتەر میلانە، بەهەمانشێوە یانەیەکی بەهێزە و لەدوایین 20 یاریی لە چامپیۆنزلیگ تەنیا سێ شکستی هەیە.
کوڕانی سیمۆنی ئینزاگی ئەمجارە بەرۆحیەتی تۆڵەوە لەنێو لانکەی سیتیدا هەوڵی سەرکەوتن دەدەن، دوای ئەوەی لە فاینەڵی 2023 بەرامبەریان باشتر دەرکەوتن، کەچی چانس یاوەریان نەبوو و شکستیانهێنا، چانسی بەدیهێنانی خەونەکەشیان مەحاڵ نییە، بەوپێیەی چوار جاری دیکە لەیاریگە ئینگلزییەکاندا بەرامبەر نیوکاسڵ، ئارسیناڵ، چێڵسی و لیڤەرپووڵ تامی بردنەوەیان کردووە.